عەباس وەلی: هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی تورکیا، پەکەکە بەرەو دەسەڵاتی زیاتر دەبات
ئاژانسی کوردپا: لە هەڵبژاردنەکانی ١٠ی خاکەلێوەی وڵاتی تورکیادا، ٢٢٥ حیزبی سیاسی بۆ بە دەستەوە گرتنی ٣ هەزار شارەوانیی گەورە و بچووکی کەوتنە رکابەری، کە حیزبی بەدەپە (پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی) توانی سەرۆکی شارەوانیی ١٠٥ شاری بچووک و گەورەی بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی تورکیا بەدەست هێنا.
پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی، کە نزیک و سەربە پارتیی کرێکارانی کوردستانە، لە رووی ئامارییەوە پێشڤەچوونێکی ئەوتۆی نەبووە، بەڵام لەرووی هاوکێشە ناوخۆیی و پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە رووی سیاسییەوە پێگەیەکی جێگەی سەرنجی هەیە.
بۆ تاوتوێ کردنی هەڵبژاردنە ناوچەییەکانی تورکیا و داهاتووی باسەکانی پەیوەندیدار بە چارەسەر کردنی پرسی کورد لەو وڵاتە، ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا لەگەڵ دوکتور عەباس وەلی، کۆمەڵناسی سیاسیی زانکۆی بوگازیچیی شاری ئەستەنبووڵ دیمانەیەکی کورتی پێکهێناوە:
كوردپا: هەڵبژاردنی شارەوانیی و شۆرا ناوچەییەكانی تورکیا لە سیستمی سیاسیی ـ ئیداریی ئەو وڵاتەدا چ رۆڵ و كاركردێكی هەیە؟
عەباس وەلی: سیستمی سیاسیی تورکیا ناوەندگەرایە و لەراستیدا هێز و دەسەڵات زۆر بۆ شوێنەكانی دیكە پەرەی نەستاندووە و هەڵبژاردنە ناوچەییەكان زیاتر جەخت لەسەر هێز و دەسەڵاتی كارگێڕی شار، ئاوایی و ئوستانەكانەكان دەكاتەوە. بە واتایەكی تر دەسەڵاتی ئیداریی بێپشتیوانەی سیاسیی توانای بەڕێوەبەردنی بڕیارەكانی نییە لەهەمان كاتیشدا ئەو ناوەندانە ( شۆرا و شارەوانی) لەتوانایاندا نییە كە كار و كردەوە و بڕیارێکی لەسەرووتر و بەپێچەوانەی حكوومەتی ناوەندی دەربكەن و جێبەجێبكەن، هەر بەو هۆیەوە ئامانج و تێڕوانینی حكوومەتی تورکیا لەگەڵ رەوت و حیزبەكانی كوردستان لە دژایەتی دایە و دەوڵەتی ناوەندی جەخت لەسەر بەربڵاوی دەسەڵاتی سیاسیی لە ناوچەكاندا دەكاتەوە بەڵام كوردەكان خوازیاری دەسەڵات و هێزی زیاتر و لابردنی ناوەندگەرایی لە بیاڤەكانی بارهێنان، كۆمەڵایەتیی و ئابووری لەناوچە كوردنشینەكانن.
كوردپا: دۆخی كوردەكان لەدوایین هەڵبژاردنی تورکیا، بێلەبەرچاو گرتنی پارچەپارچەبوونی كوردەكان ( گرووپە سیاسیی ، كۆمەڵایەتییەكان) بە چ شێوەیەك هەڵدەسەنگێنن؟
عەباس وەلی: لەسەرەتادا دەتوانم بڵێم كە حیزبی ئاشتی و دێمۆكراسی كە لە پەكەكە نزیكە، حیزبێکی هەرێمی ـ ناوچەییە و توانای رەكابەریی لە ئاستی سەراسەری تورکیادا نییە، بەڵام لەناوچە كوردنشینەكانی تورکیا راستیییەك هەیە و ئەویش ئەوەیە كە كولتوور و پێكهاتەی نەریتی لەنێوان خەڵكانی ئەو ناوچەیەدا زۆر بەهێزە و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی كە كوردە نەریتی ـ مەزهەبیەكان زیاتر بە لای حیزبی داد و گەشەدا بشكێتەوە، بەڵام نابی ئەو خاڵەش لەبیر بكەین كە فكری سیاسیی حیزب و رەوتەكانی دژبەری (بەدەپە) و بەتایبەت (پەكەكە) لە تورکیا كە حیزبی كۆمەڵگەی دێمۆكراتیك ( دەتەپە) نوێنەرایەتیی دەكات و لە پارتی دێمۆكراتی كوردستانی عێراق و شەخسی مەلا مستەفا بارزانی نزیكە، هۆكارێكی زۆر گرینگ بۆ راكێشانی خەڵك بۆ لای پارتی داد و گەشە پێدانی رەجەب تەیەب ئەردۆغان بوو، ئاڵوگۆڕە هەنووكەیییەکانی تورکیا و هەروەها بەشداری مەسعوود بارزانی لە تەبلیغاتە هەڵبژاردنیەكانی ئەردۆغان سەرەڕای بانگهێشتی پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی، ناوەندی خەبات لە كوردستانی باكوور جەخت لەسەر چالاكیی مەدەنیی و ئاشتی خوازانە دەكاتەوە و ئەو وەرچەرخانە پارتەكانی AKP وbdp ی لە هەمبەر یەكتردا راگرتووە.
كوردپا: بۆ چی پارتی \" پەدەپە\" نەیتوانی زۆرینەی دەنگی هاووڵاتیانی كورد بۆ خۆی تەرخان بكات؟ و لەو نێوەدا ئیسلام چ رۆڵێكی لەهەڵبژاردنی نێوان دا هەبووە؟
عەباس وەلی: كوردەكان لە تورکیا ئیسلام بە بەشێک لە شوناسی نەتەوەیی (كوردایەتیی) خۆیان دەزانن و بەو شێوەیە نیە كە كوردەكان بە هۆی ئیسلامەوە لە پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی دوورە پەرێزیان گرتبێبەڵكوو لەنێوان كوردەكانی تورکیادا هێندی ناوەندی وەكوو قوتابخانەی دینی (حوجرە) لەسەردەمی دەوڵەتی كەمالیستی تورکیا كە لەهەوڵی تواندنەوەی كولتور، زمان و شوناسدا بوو، پارێزران و بنەماڵەكانیش بەتایبەت دایكان لەو بوارەدا زۆر هەوڵیان دا، هەر بەو هۆیەوە كوردایەتی لە روانینی موسلمانەكانی كوردستانی تورکیا لەگەڵ روانینی سكۆلاریستانەی (چەپ) \"ئاكەپە\" و \"پەكەكە\" زۆر جیاوازە.
كوردپا: لەم چەند مانگەی دواییدا لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان لە سەر بانگهێشتی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی تورکیا سەردانی شارەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەت دیاربەكریان كردووە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ، عێراق و بەشێوەیەكی رونتر پارتی دێمۆكراتی كوردستان بە دوای چ سیاسەت و بەرژوەندییەكەیەوە؟
عەباس وەلی: لەراستیدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دێمۆكراتی كوردستان لەگەڵ پارتی داد و گەشە پیدان پێوەندیی و هاوكاری ستراتیژیكی هەیە. ئامانج و بەرنامەكانی ئەو دوو حیزبە لەكوردستانی تورکیا، سووریە و عێراق هەتا رادەیەك هاوبەش و هاوچەشنن و ئەو جۆرە هاوكارییانە خۆی لە بیاڤی ماڵیی، نەوتی، بەرگریی و پرسە پێوەندیدارەكانی سووریە، عێراق و تەنانەت ئێرانیشدا خۆی دەبینێتەوە. لەپێوەندیی كوردستانی تورکیا و بەشێوەیەكی روون پارتی كرێكارانی كوردستان، ئاغای مەسعوود بازرانی سیاسەتێكی سەربەخۆ و بە دوور لە پێوەندی و هاوكارییە ستراتیژییەكانی لەگەڵ حیزبی داد و گەشە، نیە و لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتە گشتیەدا و بە لەبەر چاو گرتنی پاراستنی بەرژەوندییەكان هەڵوێستەی لەسەر دەكرێت. ئەو هاوكارییانە تەنانەت كاریگەری لەسەر كۆنگرەی نەتەوەیی كوردیش هەبووە و ركابەریی نێوان پارتی دێمۆكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان زۆر زەقتر كردۆتەوە.
كوردپا: پاش هەڵبژاردنە ناوچەییەكانی تورکیا و زیاد بوونی رێژەی شۆرا و شارەوانیەكانی نزیك لە كوردەكان، پێگەی سیاسیی ـ كۆمەڵایەتیی پارتی كرێكارانی كوردستان لە تورکیا بەرەو دەسەڵاتی زیاتر دەروات؟ یان لاوازتر دەبێت؟
عەباس وەلی: بە باوەڕی من هێزی بیركردنەوە و سیاسەتی پارتی كرێكارانی كوردستان لەتورکیا روو گەشەیە، من چەند ساڵ لەمەوبەر لێكدانەوەیەکی زۆر دروستم سەبارەت بە دوو مەسەلەی ئاڵوگۆڕەكانی تورکیاوە نەبوو، کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە یەکەوە بوو؛ یەكەمیان هێز و دەسەڵاتی نەریتخوازانەی كەماڵیزم و ئەوی دیكەشیان هێزی كۆمەڵایەتیی پەكەكە بوو.
ئەو دوو فاكتە كاریگەریی زۆر بەرچاویان لەسەر گۆڕانكارییەكانی توركیا داناوە. حكوومەتی تورکیا لەم چەند ساڵەی دواییدا تووشی هەڵەی ستراتیژیك بوو و دوابەداوی دەستبەسەركرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان، دەوڵەتی ناوەندی تورکیا لەگەڵ كوردەكانی دەرگای وتووێژی نەكردەوە و لەو پرسە وەكوو پروپاگەندەی سیاسی كەڵكی وەرگرت و بە واتایەكی تر بەر لە دەستبەسەركردنی ئۆجەلان لەساڵی ١٩٩٩دا، پەكەكە حیزبێكی سیاسیی ـ نیزامی بوو بەڵام دوای تێپەڕینی ١٥ ساڵ لە زیندانی کرانی ئۆجەلان، سەرەڕای رێبەریی كردنی ئەو حیزبە لە ئێمرالییەوە و لایەنگری خەڵكی كورد لەو حیزبە، نە تەنیا حیزبێكی سیاسی- نیزامی ماوەتەوە بەڵكوو ئەو رەوتە لایەنی كۆمەڵایەتیشی بەخۆیەوە گرتووە و حكوومەتی ناوەندی بەشێوەیەك لەشێوەكان توانیویەتی ئەو حیزبە سەركوت بكات، بەڵام هەتا ئێستا نەیتوانیوە جێگە و پێگەی كۆمەڵایەتیی پارتی كرێكارانی كوردستان كەمڕەنگ بكاتەوە.
هەر بۆیە سیاسەتی تواندنەوەی تورکیا، بۆتە بزوتنەوەیەكی گەورەی كۆمەڵایەتیی كوردەكان و دوایین دەوڵەتی تورکیا دانی بەو هەڵانەدا ناوە و باش دەزانێكە پێویستە پرسی پەكەكە وەكوو پرسێكی گشتیی كورد لەو وڵاتە سەیر نەكات و بە رواڵەت وا دیارە كە ئەردۆغان لەهەوڵی ئەوەدایە مەسەلەی كورد چارەسەر بكات هەر بەو هۆیەوە هاوكاری و پێوەندیی حیزبی دەسەڵاتداری تورکیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەپێچەوانەی پێشوو لە فیلتەری پەكەكە تێپەڕ نابێت و بە شێوەیەكی سەربەخۆ كاری بۆ دەكرێ.