شەش ئەندامی خۆجێی سپای پاسداران لە کامیاران کوژران

17:01 - 20 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: شەش ئەندامی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە بەشی شاهۆی شاری کامیارن کوژران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٩ی جۆزەردان، شەش کەس لە ئەندامانی خۆجێی سپای پاسداران لە سەیرانگای تەوقەگوێز هەڵکەوتوو لە نێوان گوندەکانی تەختی‌زەنگی و سەرشێڵانە دەکەونە بەر دەسڕێژی کەسانی چەکداری نەناسراو لە ئەنجامدا دەکوژڕێن.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کامیاران شوناسی یەکێک کە کوژراوەکانی \"جەبار گوڵ‌محەمەدی\" خەڵکی گوندی\" تەنگی‌وەر\"ی کامیاران راگەیاندوە.

دەوترێت جەبار گوڵ‌محەمەدی یەکێک لە دەست‌وپەیوەندییەکانی سپای پاسداران لەو ناوچە بووە.

\"26937.jpg\"
ئەم ئەندامەی سپای پاسداران لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی ٥٧ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا یەکێک لە ناسراوترین دەست وپیوەندیەکانی سەر بە سپای پاسداران لە ناوچەی کامیاران بووە.

بە پێێ ئەم راپۆرتە و بە وتەی هەندێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە \"ئەو شەش کەسە لە لایەن کاسبکارانی شتومەکە قاچاخەکانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژراون\".

لەلایەکی دیکەوە، راپۆرتی چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن کە ئەو شە‌ش کەسە لە لایەن هێزەکانی \"پژاک\"وە کوژراون.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو ٥ کوژراوەکەی دیکە بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبووتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تاکوو ئێستا هیچ ئۆرگانێکی حکوومەتی و نیزامیی ئێران و راگەیەنە فەرمییەکانی PKK لە بارەی ئەو تێکهەڵچوونە و کوژرانی ئەندامانی سپا هیچ هەڵوێستێکی فەرمییان لە خۆیان نیشان نەداوە.

پێشتریش، لە چەند گوندی سەردەشت تێکەڵچوون لە نێوان کەسانی چەکداری نەناسراو و هێزەکانی حکوومەتی ئێران روویدابوو و لە ئاکامی ئەم تێکهەڵچوونانەدا چەند ئەندامێکی سپا بە توندی بریندار بوون.

ئەو تێکهەڵچوونە لە دەوڕوبەری گوندەکانی\"شموڵە\"و شندەر\" سەر بە بەشی ناوەندیی شاری سەردەشت، رووی دا و لانیکەم پێنج کەس لە هێزە نیزامییەکان بریندار بوون.