شەش لاوی کورد لە بۆکان دەستبەسەر کران

15:20 - 25 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا، هێزە ئەمنیەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، ٦ لاوی دانیشتووی گوندێکی سەر بە شاری بۆکانیان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدریی کوردپا، سەرەتای ئەم حەوتوویە مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری بۆکان هێرشیان کردە سەر گوندی\"قەرەگۆل\" لە بەخشی سیمینە و سێ هاووڵاتییان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.

شوناسی یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان بە ناوی، \"هیوا قادری‌ئەقدەم\" ڕاگەیەنراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتی خۆیدا باس لەوە دەکات کە؛ هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری بۆکان ماڵی ئەو سێ لاوەیان پشکنیەوە و دەستیان گرتووە بە سەر هێندێک کەرەستە و وەسائیلی شەخسی ئەو سێ لاوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکەی دیکە ناڕوونە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو گوندە کە برا بوون بە ناوەکانی \"حوسێن، سابیر و هێمن هەمزە پوور\" لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا بوون.

ئەو سێ برایە بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرابوون.

لەو سێ برا دەستبەسەرکراوە، حوسێن هەمزەپوور هەتا ئێستا لە زینداندایە، بەڵام سابیر و هێمن بەدانی بەڵێننامە بە سپا، بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

سەرچاوەکانی هەواڵی کوردپا، کە لە بارودۆخی گوندی قەرەگۆل ئاگادارن، ڕایانگەیاندووە کە؛ \"دۆخی ئەو گوندە بە تەواوەتی پۆلیسیە\" هەر حاڵەتێکی هاتوچۆی هاووڵاتییان لە گوندەکە و بەپێچەوانەوە، لەگەڵ \"ڕێوشوێنی ئەمنیەتی\" بەرەوڕوو دەبێتەوە.

سەبارەت بە دۆخی پێکهاتوو، دەگوترێ؛ لە شەش مانگی ڕابردوودا، چەندین لاوی ئەو گوندە پەیوەست بە ڕیزی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوون و ئەمەش نیگەرانیی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی لێکەوتووەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە زیاتر لە ٦٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە کوردستان دەستبەسەر کراون، کە لە چارەنووسی زۆربەی ئەو دەستبەسەرکراوانە زانیاری ورد لەبەردەستدا نیە.