شیرین عیبادی: بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردندا، ڕەوایی لە حكوومەت زەوت دەكات

14:30 - 7 رێبەندان 2715
ئاژانسی كوردپا: شیرین عیبادی، براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل لەو باوەڕەدایە كە بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردندا و بەتاڵبوونی سندووقەكانی دەنگ، لە ڕاستیدا بە جۆرێك ڕەوایی لە حكوومەت دەستێنێتەوە، بە تایبەتی لە هەلومەرجی ئێستادا كە ساڵی دیاریكردنی ڕاپۆرتنێری مافی مرۆڤ بۆ كاروباری ئێرانە و حكوومەتی ئێران پێویستی بە ژمارەی زۆری دەنگدەران هەیە.

عیبادی لە وتووێژێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی \"سەحام نیووز\" لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە \"بۆچی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە خەڵك دەپاڕێتەوە كە لە هەڵبژاردندا بەشداری بكەن؟\" دەڵێ :\"دەبێ لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا بگەڕێین. ئەمساڵ (٢٠١٦) كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ دەبێ بڕیار بدات كە ئایا ئێران پێویستی بە ڕاپۆرتنێری تایبەتی مافی مرۆڤ هەیە یان نا؟ و ئەگەر پێویستە، دەبێ چ كەسێك دیاری بكرێت؟. حكوومەتی ئێران هەوڵ دەدا وا نیشان بدات كە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا باشتر بووە و ئەگەر كەموكۆڕییەكیش هەیە، لە داهاتوودا باشتر دەبێت و دەیهەوێ پێش بە دانانی دووبارەی ڕاپۆرتنێری تایبەت بگرێت\".

ئەو چالاكەی مافی مرۆڤ هەروەها دەڵێ: \"بەشداری‏كردن لە هەڵبژاردندا لە ڕاستیدا یارمەتیدانە بەو ئامانجە كە ئێران ئیتر ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەبێت. هەڵبەت ڕەنگە لێرەدا ئەو پرسیارە بێتە گۆڕێ كە لە شەش ساڵی ڕابردوودا، بە بوونی ڕاپۆرتنێری تایبەتیشەوە چ ئاڵوگۆڕێكی ئەرێنی بە قازانجی خەڵك ڕووی داوە؟

وەڵامی من ئەوەیە كە ڕەنگە خەڵك دەرئەنجامێكی خێرایان نەدیبێت، بەڵام ئەگەر ئەو ڕاپۆرتنێرەش نەبوایە و ئەگەر چەند وڵاتی دەروەست بەرانبەر بە بنەماكانی مافی مرۆڤ گوشاریان نەخستبایەتە سەر ئێران، لەوانە بوو كە بارودۆخ لەوەش خراپتر بێت\".

عیبادی هەروەها ئەوەش وەبیر دێنێتەوە كە پاش هەڵبژاردنی سەید موحەممەد خاتەمی وەكوو سەركۆماری ئێران، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، \"مۆریس كاپیتۆرن\" ڕاپۆرتنێری تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ كاروباری ئێرانی لە كار لابرد و دۆسییەكەی بە تەواوی داخست، بەڵام چەند مانگێك دوابەدوای ئەوە ڕۆژنامەكان بە شێوەیەكی هەڕەمەكی داخران و ڕۆژنامەوانان بە شێوەیەكی بەربڵاو دەستبەسەر و زیندانی كران.