شایەتحاڵێک: مەئموورانی شارەوانیی ئیلام خەرێک بوو پیرەپیاوێکی دەستفرۆش بخنکێنن

15:46 - 3 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: بەرین بوونەویە رەوتی هەژاری و بێکاری لە ناوچە پەراویزخراوەکانی کوردستان بووەتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری دەستفرۆشی لە شارەکان و شارەوانیی شارەکانی بە شێوەی ناشارستانیانە هەڵسووکەوت لەگەڵ دەستفرۆشاندا دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەستفرۆشەکانی شاری ئیلام لەلایەن مەئموورانی شارەوانیی ئەو شارەوە هێرشیان کرایە سەر و سەرەڕای ئەوەی کە کەلوپەلەکانیان دەستی بەسەردا گیرا، چەندین دەست فرۆش لەلایەن شارەوانییەوە بە شێوەیەکی نەشیاو بێحورمەتی و سووکایەتییان پێکرا.

شایەتحاڵێک کە بینەری بێحورمەتی و سووکایەتیی مەئموورانی شارەوانیی شاری ئیلام بە دەست فرۆشانی کوردی ئەو شارە بووە، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ رۆژی شەممە مەئمورانی شارەوانی هاورێ لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان کە گازی فرمێسک‌رێژ و باتۆمی برقییان پێ بوو، هێرشیان کردە سەر دەستفرۆشەکانی کۆڵانی ئیدارەی رێگەوبانی ئیلام دەستیان بە ئازار و ئەزیەت و راوەدوونانی دەستفرۆشەکان کرد.

ئەو شایەتحاڵە گوتیشی؛ \"پیرەپیاویکی دەستفرۆش کە چەند کراسێکی بۆ فرۆشتن هێنابوو، لەلایەن مەئموورانەوە دەست بەسەر کراسەکانیدا گیراو سەرەڕای ئەوەش مەئموورانی شارەوانی و ئینتزامی خستیانە نێو زێرابی شەقامی فیردەوسی ئەگەر چەند لاوێک یارمەتییان نەدایە، لە قاناوەکەدا دەخنکا.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، شارەوانیی شارەکان، کەسانی شەڕاشۆ (شرور)ی نێو شارەکان و لەژێر ناوی \"ماموران سد معبر\"دا دەکاتە مەئمووری تایبەتی بۆ کۆکردنەوەی دەستفرۆشەکان، کە ئەو کەسانە بەشێوەی زۆر نەشیاو هەڵسووکەت لەگەڵ دەستفرۆشاندا دەکەن.

بە گوتەی دەسفرۆشان: :دەستفرۆشی هیچ داهاتێکی ئەوتۆی نییە کە بتوانن بژیویی ژیانی بنەماڵەکانیان دابین بکەن، بەڵام لەبەر شەپۆلی لەڕادەبەدەری بێکاری و نەبوونی هەلی کار، روویان لە دەسفرۆشی سەر شەقامەکان کردووە.

ئەو دەستفرۆشانە دەشڵێن: نرخی کەلوپەلی زۆربەی دەستفرۆشەکانی سەر شەقام لە ٢٠٠ هەزار تمەن تێپەڕ نابن، بەڵام لەگەل ئەوەشدا شارەوانی بەبێ هیچ گویدان بە هەژاری و دەستکۆرتیی دەستفرۆشەکان کەلوپەلەکان زەوت دەکات.

ئا: ئارام. ح