شاعیرێکی کورد، خەڵاتی یەکەمی فستیڤاڵێکی ئەدەبیی بەدەست هێنا

15:47 - 10 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: شاعیرێکی کوردی خەڵکی شاری سنەو نیشتەجێی وڵاتی سوید، خەڵاتی یەکەمی ئەدەبیی گۆڤاری ١٠telی بەدەست هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەمید شەریفی شاعیر و هونەرمەندی کوردی دانیشتووی وڵاتی سوید، لە فستیڤاڵێکی شێعریدا کە لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید بەڕێوەچوو، توانی بپلەی یەکەمی فستیڤاڵەکە بەدەست بێنیت.

لەو فستیڤاڵەدا سەرجەم ٩ کەس بەشدراییان کردبوو، کە ٨ کەسیان بە زمانی سوید و کەسێکیشیان بە زمانی عەرەبی لە پێشبڕکێی فستیڤاڵەکەدا شێعریان پشێکەش کرد.

حەمید شەریفی بە شێعرێک لە ژێر ناوی \"هاوخەباتی\"یەوە بەشداریی لە فستیڤاڵەکەدا کردبوو، کە وەکوو تێکستی یەکەمی ئەدەبیی فستیڤاڵەکە دەستنیشان کرابوو.

گۆڤاری ١٠tel، کە بە یەکێک لە دیارترین گۆڤارەکانی وڵاتی سوید دادەندرێ، ئەو خەڵاتەی پێشکەشی حەمید شەریفی شاعیر و هونەرمەندی کورد کردووە.

حەمید شەریفی هونەرمەندی خەڵکی شاری سنە، کە ساڵی ١٣٨٨ رووی لە وڵاتی سوید کردووە، بە (باس نیوز)ی راگەیاندووە، ساڵی رابردوو بەرهەمێکی شێعریی بە زمانی سویدی نووسیووەو ئامادەی چاپی کردووە.

(کۆمەڵە شێعری تێکستی گۆرانی، کورتە شێعر، وەرگێڕانێ کۆمەڵە شێعرێکی سویدی کە بۆخۆی هۆنیویەتییەوە، کتێبێکی تایبەت بە منداڵان بە زمانی ئەردەڵانی) چوار بەرهەمی ئەو شاعیرە کوردەیە، کە ئامادەی چاپ کراون.

ئەو شاعیرە کوردە، کە سەرقاڵی کار کردن لەسەر پرۆژەیەکی شێعری و هونەری بۆ نووسینەوەی شێعری گۆرانیی کوردییە، کۆمەڵێک لە شێعرەکانی لەلایەن هونەرمەندانی ناسراو و هەروەها گۆرانیبێژ و بەهرەمەندانی کوردەوە کراونەتە گۆرانی.