شاری شنۆ بە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت تەنراوە

15:08 - 14 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکان لە گۆڕەپان و گەڕەکەکانی شاری شنۆ جێگیر کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوێنە گشتییەکانی شاری شنۆ لە پارێزگای ورمێ، دوێنی چوارشەممە ١٣ی ڕێبەندان، جێی مانۆڕی توندی ڕێوشوێنی ئەمنیەتیی هێزەکانی حکوومەت لەو شارە بوو.

خەڵکی شاری شنۆ بە دوای بانگەوازی چەند ڕۆژی پێشوو، بە تەمای کۆبوونەوەیەکی ئاشتیخوازانە دژی سزای قورسی ٧ هاووڵاتیی مەدەنیی ئەو شارە بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: زۆربەی شوێنە سەرەکییەکان و گەڕەکەکانی ئەو شارە شایەتی ئامادەبوونی هێزە لیباس شەخسییەکان، سپای پاسداران و یەگانی تایبەتی ئینتزامیی بوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەگشتی تەواوی هێزەکانی پۆلیسی شاری شنۆ لەگەڵ کەسانی ئەمنیەتیی هێنراو لە شارەکانی دیکەوە، لە ئامادەباشیی تەواودا بوون.

هێندێک لە دانیشتوانی شاری شنۆ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردەوە کە؛ \"شاری شنۆ حاڵەتی حکوومەت نیزامیی بە خۆیەوە بینیوە\". ئەو هێزانە لە هێندێک شوێنی ئەو شارە داوای \"پێناسەیان\" لەخەڵک کردووە.

سەبارەت بە ئەگەری دەستبەسەر کردنی کەس یان کەسانێک، ڕاپۆرتێکی ورد و تەواو لە بەردەستدا نیە، بەڵام مەئموورە ئەمنیەتییەکان بە ماشینە حکوومەتییەکان لە نێو شاردا خەریکی گەڕان بوون و هاتوچۆ کردنی خەڵکی ئەو شارە لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بووەتەوە.

حەوتووی ڕابردوو لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری ورمێ لە ژێرگوشار و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی سپا و ئیتلاعاتی شاری ورمێ، حوکمی ١٠٠ ساڵ زیندانی بۆ ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە بڕیبووەوە.

ئەو هاووڵاتییانە خەڵکی گوندی \"قەرەسەقل\"ی سەر بە شاری شنۆن، کە دەزگای قەزایی ئەو ٧ هاووڵاتییەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانبار کردبوو.

کۆتاییەکانی حەوتووی ڕابردوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای مەحکووم کردنی ئەو سزایە، ڕایگەیاندکە؛ \"داوا لە چین و توێژەکانی کوردستان دەکات لە بەرانبەر ئەو ڕەفتارە زاڵمانە و دژە مرۆییەی حکوومەت، دژکردەوەیەکی شیاو لە خۆیان نیشان بدەن و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بەو سزایە هەرچی بەرزتر بە گوێی ئەو حکوومەتە بگەیەنن\".

\"\"
شاری شنۆ بە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت تەنراوە

\"\"
شاری شنۆ بە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت تەنراوە

\"\"
شاری شنۆ بە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت تەنراوە

\"\"
شاری شنۆ بە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت تەنراوە

\"\"
شاری شنۆ بە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت تەنراوە