سەلاسی باوەجانی/ کوژران و برینداربوونی دوو هاووڵاتیی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان

13:00 - 8 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەی جوانڕۆ بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دوو رۆژ پێش ئێستا هاووڵاتیەکی خەڵکی \"ئەزگلە\"ی سەربە شاری سەلاسی باوەجانی کە بە ماتۆڕ بەرەو سنووری \"شێخ سەڵە\" رۆیشتووە، لەلایەن هیزە نیزامییەکانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا خۆی و ماتۆڕەکەی ئاگریان گرتووە و گیانی لەدەست داوە.

دەوترێ، برای ئەو هاووڵاتییە کوژراوەی خەڵکی گوندی ئەزگلە کە لە سنوور خەریکی کۆڵبەری بووە بەهۆی بەربوونەوە لە ماتۆڕ بریندار بووە و ئەم کەسەی کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە کوژراوە، ویستوویەتی بە هانای براکەیەوە بچێت.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی رەزبەر کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \"ئاسۆ\" کوڕی حوسێن لە خاڵی سنووریی \"شێخ سەڵە\" بەدەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

نەبوونی دەرفەتی کار و هەروەها خراپیی باری ئابووری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بۆتە هۆکاری ئەوەی کە رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کورد تەنیا بۆ دابین کردنی پێداویستیی ژیانێکی \"مەمرە و مەژی\" روو لە کۆڵبەری کردنی سەر سنوورەکان بکەن، بەڵام رۆژانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەبنە قوربانی.