سەقز؛ زیندانییەکی کورد مانی لە خواردن گرت

19:53 - 16 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوون بوونی پەروەندەکەی و دۆخی نالەباری جەستەیی خۆی لە زینداندا، مانی لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆخی جەستەیی حوسێن شادڕەوان خەڵکی سەقز، کە لە زیندانی ئەو شارەدا ڕاگیراوە، نالەبارە.

ناوبراو بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوون بوونی پەروەندەکەی و دۆخی نالەباری جەستەیی خۆی، لەڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەرەوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندانی سەقز هیچ هەنگاوێکی کردەییان بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە دۆخی ئەو هاووڵاتییە کوردە هەڵنەگرتووە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی ، لە ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، حوسین شادڕەوان هاوڕێ لەگەڵ دوو برای دیکەی بەناوەکانی زاهید و عەبدوڵڵا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار کرابوون.

دەوترێت کە ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە ناوچەی \"خوڕخوڕە\"ی سەقز و بە تۆمەتی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاق تەقەیان لێ‏کراوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سنە کران و دواجار قاچێکی عەبدوڵڵا بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە بڕدرایەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا گوتی : \"حوسێن لەکاتێکدا کە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بووە، لە نەخۆشخانە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی سەقز کراوە و هەتا ئێستاش پەروەندەکەی لە دەزگای قەزایی ئێران نەخراوەتە گەڕ و بەرپرسان لە پێڕاگەیشتن بەو پەروەندەیە خۆدەبوێرن.\"

حوسێن شادڕەوان لەئێستادا دۆخی جەستەیی ناجێگرە و لە زیندانی سەقز ڕاگیراوە.