سەردەشت/ چەکدارانی ئێرانی ٤ ئەسپی کۆلبەرانیان بە زیندووی سووتاند و هاووڵاتییەکیشیان بریندار کرد

14:20 - 4 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سەردەشت، سەرەڕای کوشتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەسپی بارهەڵگری کۆڵبەران، ٤ ئەسپی کۆڵبەرانیشیان بە زیندووی ئاگر تێبەردا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٢٧ سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانی گوندی \"هەرزنێ\"ی ناوچەی سەردەشتیان بە بارەکانیانەوە کوشت و ٤ سەر ئەسپی بارهەڵگریشیان لە ئاگردا سووتاند.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو رووداوە لە شوێنێک بەناوی (دەرووی گەلاوێژ) لە نێوان گوندەکانی (تیەت) و (بەردان)دا هاتۆتە ئاراوەو ئەم کارەش تووڕەیی و بێزاریی خەڵکی ناوچەی لێکەوتۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوەو هەر لە رۆژی پێنج‌شەممەی حەفتەی رابردوودا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی بانە، لەسەر پردی بریسوێ نزیک سەردەشت، لەلایەن ‌هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێکرا و بە توندی بریندار بووە.

بە گوتەی شایەتحاڵان، ئەو هاووڵاتیە بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لە نیو ماشێنەکەیدا تەقەی لێکراوەو بریندار کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەلکی بانە، کە شوناسی بۆ هەواڵنێری کوردپا روون نەبۆتەوە، لەلایەن هاووڵاتییانەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت و لە کاتێکدا لەو نەخۆشخانەیە لەژێر چاوەدێری و چارەسەریی پزیشکیدا بوو، لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستبەسەریش کراوە.