سەردەشت/ دەستبەسەر کرانی باوکی سێ چالاکی سیاسیی کورد

16:09 - 3 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: باوکی سێ چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت و نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٣ی مانگی رەزبەر ئەحمەد ئیبراهیم‌پوور باوکی سێ چالاکی سیاسیی کوردی خەلکی شاری سەردەشت، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

بەوتەی کەسیکی نزیک لە بنەماڵەی \"ئەحمەد ئیبراهیم‌پوور\"، ئەو هاووڵاتییە لە کاتکدا دەستبەسەر کراوە، کە بارودۆخی تەندروستی ناجێگیر بووە.

ئەحمەد ئیبراهیم‌پوور باوکی سێ چالاکی سیاسیی کورد بەناوەکانی \"خەبات، خەلیل و ئەمیر ئیبراهیم‌پوور\"ـە، کە پێشتریش چەندین جار دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کراوە.

دەوترێ کە هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بەردەوامی هەڕەشەیان لە ئەحمەد ئیبراهیم‌پوور کردووە کە پێش بە چالاکیی کوڕەکانی بگرێت.

رەوتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لە دەوڵەتی نوێی حکوومەتی ئێراندا هاوشێوەی دەوڵەتی پێشوو بەردەوامە و لە ماوەی هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانییەوە هەتا ئێستا دەیان چالاکی کورد بە ئێعدام و حوکمی دریژماوەی زیندان مەحکووم کراون و تەنانەت کۆمەڵێک چالاکی فەرهەنگیش بەناچاری روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە.