سەردەشت؛ دوو کۆڵبەر لە سنووری "بێتووش" بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار بوون

13:48 - 22 گەلاوێژ 2721

بەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی گەلاوێژ، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی "سۆران کانی‌ڕەشی" و "جەلیل زەینی" لە سنووری "بێتووشـ"ـی سەردەشت، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار بوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سۆران کانی‌ڕەشی، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە کۆڵبەران دراونەتە بەر تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "بارودۆخی گشتیی ئەو کۆڵبەرە نالەبار ڕاگەیەندراوە".

هەروەها جەلیل زەینی کە لە کاتی کۆڵبەریدا بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بووە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەردەشت کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێک بە ناوی "فەرهاد ئیسماعیلی"، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی پیرانشار،  لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری بانە بریندار بوو و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "ئومید خزری"، تەمەن ٤٧ ساڵ، کوڕی عومەر، خەڵکی مەهاباد و دانیشتووی ڕەبەتی سەردەشت، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری بانە گیانی لەدەست داوە.