سەردەشت؛ دوو هاووڵاتی پاش دەسبەسەرکرانیان چارەنووسیان هەروا ناڕوونە

11:31 - 21 گەلاوێژ 2721

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "شوان شێخە" و "کاوە شەریفی"، خەڵکی سەردەشت، لە چارەنووسیان هەروا هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و هەروەها دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کراون.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراوان خۆ دەبوێرن".

شوان و کاوە، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا، دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون.

شوان شێخە، ئەندازیاری کامپیووتێرە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

وێنە: کاوە شەریفی و شوان شێخە