سەردانی ئیمام جومعەی مەریوان بۆ تاران و نیگەرانی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەمەڕ ئێعدامی لوقمان و زانیار مورادی

15:04 - 7 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای بە دواداچوونی ئیمام جومعەی شاری مەریوان بۆ پەروەندەی کوڕەکەی و دانیشتنی لەگەڵ دەزگا قەزاییەکان، نیگەرانییەکان سەبارەت بە جێبەجێ کرانی حوکمی لەسێدارەدانی لوقمان و زانیار مورادی رووی لە زیاد بوون کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو، ئیمام جومعەی مەریوان ماوەی چەندین رۆژە هەوڵەکانی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی هەرچی خێراتری حوکمی لە سیدارەدانی لوقمان و زانیار خستۆەتە گەڕ و هاوکاتیش رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەیانییەکەی بڵاو کردۆتەوە.

ئیمام جومعەی شاری مەریوان بە بەردەوامی ئیدیعای ئەوەی‌کردووە کە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە کوڕەکەیان کوشتووە، ئیدیعایەک کە لەلایەن زانیار و لوقمانەوە رەت کراوەتەوە.

لەو پێوەندییەدا و دوابەدوای بە دواداچوونی ئیمام جومعە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەمەڕ ئەگەری جێبەجێ کرانی حوکمی لەسێدارەدانی لوقمان و زانیار مورادی بەیاننامەیەکی بڵاو کردۆتەوە.

لەبەیاننامەکەدا هاتووە، \"بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای دانی بەڵێنی و واژۆ کردنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بە بەردەوامی درێژەیان بە جێبەجێ کردنی حوکمی لەسێدارە داوە\".

ئەو ناوەندە نێودەوڵەتییە خوازیاری راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی زانیار و لوقمان مورادی بووە.

\"16395.jpg\"
زانیار و لوقمان مورادی،لەکاتی دادگایی کراندا
لەلایەکی دیکەوە نیگەرانیی چالاکانی \"مافی مرۆڤ\"‌یش دوای لەسێدارەدانی حەبیبۆڵڵا گوڵپەری‌پوور، \"رەزا ئیسماعیلی(مامەدی)\" و ١٦ زیندانی بەلووچ ، لەمەڕ ئەگەری ئێعدامی زانیار و لوقمان زیادی کردووە.

حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور زیندانیی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سنە پاش چوار ساڵ راگیران لەزیندان، شەوی هەینی رێکەوتی ٣‌ی خەزەڵوەر لەبەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لەسیدارە درا و هاوکاتیش زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کورد بەناوی \"رەزا ئیسماعیلی(مامەدی)\" تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی ناوچەی سەڵماس لەزیندانی ئەو شارە لەسێدارە درابوو.

پێشتریش رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی لەدۆخی تەندروستی لوقمان و زانیار، ئەشکەنجە کردنیان و هەروەها بەڕێوەچوونی دادگایی کردنی نادادپەروەرانەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە دەربڕیبوو.

زانیار و لوقمان مورادی لەمانگەکانی گەلاوێژ و رەزبەری ساڵی ١٣٨٨‌، بە تۆمەتی \"کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی شاری مەریوان\" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

ئەو دوو زیندانییە کوردە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن لقی ١٥ی دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری تارانەوە حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕایەوە.

زانیار و لوقمان سەرەڕای ئەشکەنجەی زۆر، بە بەردەوامی تاوانی کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی شاری مەریوانیان رەت کردۆتەوە.