سەردانی تەوافکەرانی نایاسایی لە ئێرانەوە بۆ عێراق، سنووری ٥٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاند

15:10 - 11 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ٢ میلیۆن ئێرانی کە بۆ بەجێهێنانی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حسەین چوونەتە عێراق، ٥٠٠ هەزار کەسیان بە پێشل کردنی یاسای سنووری گەیشتوونەتە شاری کەربەلا.

بە پێی هەواڵەکان، بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە ڕێگەدان بە هاتوچۆی نایاسایی دەیان هەزار تەوافکەری ئەو وڵاتە لە سنوورەکانەوە، بە تاوانبار زانی.

لە بەیاننامەی وەزارەتی نێوخۆی عێراق‏دا ئاماژە بە هێرشی تەوافکەرانی سەرتاپا ڕەشپۆش کراوە کە بە زۆر و بەبێ پێشگیریی هێزی سەرسنووری ئێران، هاتوونەتە ناو خاکی عێراق.

پارێزگاری واسێت لە عێراق بە هەواڵنێری ڕۆیتێرزی وتووە کە نیو میلیۆن تەوافکەری ئێرانی بە بێ ویزا هاتوونەتە عێراق کە بە وتەی ناوبراو؛ ئەمە پێشل کردنی سەروەریی خاکی عێراقە.

هەروەها وەزارەتی نێوخۆی عێراق لە درێژەی بەیاننامەکەیدا، تێکهەڵچوونی تەوافکەرانی ئێرانیی لەگەڵ پۆلیسی ئەو وڵاتە و بریندار کردنیان و شکاندنی پەرژینی سەر سنوورەکانی عێراقیان بە توندی مەحکووم کردووە.

ماوەیەک لەمەوپێش بەرپرسی ڕێکخراوی حەجی ئێران، هەواڵی گیرانی دەیان گرووپی تەوافکەری چلەی ماتەمینی ئیمام حسەینی لە شارەکانی عێراق‏دا ڕاگەیاندبوو.

ساڵانێکە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کردەوەیەکی سیستماتیک‏دا هەوڵی کەڵکی سیاسی وەرگرتن لە ڕێوڕەسمی مەزهەبیی چلەی ماتەمینی ئیمام حسەین بۆ برەودان بە ئایدیۆلۆژیی حاکمییەت ئیسلامی ئێران لە عێراق دەدات.

چلەی ماتەمینی ئیمام حسەین لە چلەی کوژرانی ئیمامی سێهەمی شیعەکان لە سەحرای کەربەلا بەڕێوە دەچێت و یەکێکە لە قەرەباڵغترین ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی ئیسلامیەکان.