سەربازێکی دیکەی کورد لە پادگانەکانی سوپای پاسداراندا کوژرا

20:20 - 20 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: سەربازیکی کوردی خەڵکی ناوچەی سنە، لە بنکەیەکی سوپای پاسداراندا لە شاری بیجاڕ و بە شێوەی تەمومژاوی گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتایی رۆژی هەینیی رابردوو لە بنکەیەکی سوپای پاسداران لە شاری بیجار لە ئوستانی کوردستان، سەربازیکی کوردی خەڵکی ناوچەی نایسەر گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو سەربازە کوردە، عەلی شەکەری و کوڕی تۆفیق راگەیاندراوە.

دەگوترێ ئەو سەربازە کوردەی خەڵکی نایسەری سەربە شاری سنە، لەو بنکەیەی سوپای پاسداراندا و بە دەمانچە تەقە لەسەری کراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو سەربازە لە لیدوانێکدا بۆ کوردپا، ویڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، رایگەیاند؛ لە پەروەندەکەدا هاتووە کە رووداوە مەرگی عەلی شەکەری لە دیوی ئەفسەر نیگابان هاتۆتە ئاراوە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست شوناسی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی؛ رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ١٥ی رێبەندان، عەلی شەکەری پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی بە دایکی خۆی گوتبوو کە لەو بنکەیەی سوپای پاسداراندا کێشەی هەیە و دەیان جار لەلایەن فەرماندەرنی ئەو بنکەیە و نەتانەت سەربازەکانیشەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.

فەرماندەرانی ئەو بنکە نیزامییە هیچ زانیارییەکی دیکەیان نەدرکاندووەو هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو سەربازە کوردەشیان خۆکوژی لەقەڵم داوە.

بنەماڵەی ئەو سەربازە سنەییە، لەگەڵ ئەوەیکە مەرگی کوڕەکەیان گوماناوی لەقەڵەم داوە، داواشیان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە مەرگی کوڕەکەیان بەدواداچوونی یاسایی بۆ بکرێ.

دەگوترێ ئەو لاوە کوردەی خەلكی شاری سنە، لە بنەماڵەیەکی هەژار و کەم داهاتدا گەوروە بووە و لە قۆناگی منداڵیشدا باوکی کۆچی دوایی کردووە.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەندین سەربازی کورد لە پادگانەکانی سنە، شنۆ، سەرپێڵی زەهاو، ورمێ و \"مسجد سلیمان\"دا بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە، کە هەتا ئیستا هیچکام لەو حاڵەتانە بەدواداچوونی یاسایی بۆ نەکراوە.