سێ ئەمریکایی لە لایەن هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ڕفێندران

15:56 - 30 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی ئەمریکایی لە بەغدا لە لایەن هێزە میلیشیاکانی سەر بە حکوومەتی ئێران لەو شارە، ڕفێندران.

بەرپرسانی زانیاریی عێراق و ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە سێ هاووڵاتیی ئەمریکایی لە شاری بەغدای پێتەختی عێراق، لە لایەن میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران ڕفێندراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە ئەمریکاییە، حەوتووی ڕابردوو لە بەغدا وون بوون کە دواتر ڕوون بووەوە لە لایەن ئەو هێزە میلیشیا شیعەیەی کە ئێران پشتیوانی لێ دەکات، بێ‌سەروشوێن کراون.

هەواڵدەریی \'\'ڕۆیتێرز\" لەم بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، ئەو سێ هاووڵاتییە ئەمریکاییە لە ماڵی خۆیان لە ناوچەیەک بە ناوی \"دورە\"ی بەغدا، ڕفێندراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە ئەمریکاییە، کارمەندی شیرکەتێکی بچووکن کە بەڵێندەری شیرکەتێکی گەورە بە ناوی \"جنرال داینمیکس\"ـن کە گرێبەستیان لەگەڵ ئەرتەشی ئەمریکا هەیە.

ناوی دوو کەس لەو سێ هاووڵاتییە ئەمریکاییە \"وائل ئەلمەهدی\" و عەمرۆ محەممەد\" ڕاگەیەندراوە.

دوای جێبەجێ‌بوونی \"بەرجام\" لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە، حکوومەتی ئێران چەندین بارمتەی ئەمریکایی کە لە ئێراندا لە دەستبەسەریدا بوونی ئازاد کرد.

بەڵام دوای ئەوەیکە ئەو هاووڵاتییە ئەمریکاییانە لە لایەن ئێرانەوە ئازاد کران، سێ هاووڵاتیی دیکەی ئەمریکایی لە بەغدا لە لایەن هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ڕفێندران.

لەو پێوەندییەدا، مانگێک لەمەوبەر، ٢٦ هاووڵاتیی \"قەتەر\"ی و لە مانگی خەرمانانیش‏دا، ١٨ هاووڵاتیی تورک لە لایەن کەسانی چەکداری شیعەوە ڕفێندراون.

لە شەڕی گرتنەوەی ڕۆمادی لە دەست داعش‌، میلیشیا شیعەکانی عێراق بایەخیان پێ نەدرا، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشداریی ئەو هێزە شیعەیە، دەبێتە هۆی ئاڵۆزتر بوونی شەڕی تایفەگەریی لەو شارەدا.