سێ چالاکی مەدەنی لە دێولان دەسبەسەر کران
ئاژانسی کوردپا: سێ چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی دێولان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، "سیرووس عەباسی" و "فەریدە وەیسی"، لە چالاکانی مەدەنیی کوردی خەڵکی دێولان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر ناوەندی بارهێنانی "زانست"، ئەو دوو چالاکە مەدەنییەیەیان دەسبەسەر کردووە.
دەسبەسەرکردنی ئەو دوو چالاکە مەدەنییە بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی "سیرووس"، ئازار و ئەشکەنجەیان داوە.
لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان چالاکێکی مەدەنیی کوردیان بە ناوی "ئازاد عەباسی" لە دێولان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو چالاکە مەدەنییە کوردەیان بەبێ هیچ هۆکارێک و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە و بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی، هەتا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.