سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری ڕەبەت دەسبەسەر کران

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "بەهمەن یووسف‌زادە کوڕی حەمزە، فەرهاد و فەرەیدوون مووساپوور کوڕی ڕەحیم" خەڵکی شاری "ڕەبەتـ"ـی سەردەشت، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هیزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی باوکی "بەهمەن یووسف‌زادە" کە خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری مەهاباد بووە و پاش دەستبەسەرداگرتنی کەرەستەی کەسیی ئەو هاووڵاتییە؛ هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی بەهمەن یووسف‌زادە، فەرهاد مووساپوور، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە فێرگەی زمانی ئینگلیزیی "ڕێزمان" و براکەی بە ناوی فەرەیدوون مووساپوور، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، دەسبەسەر کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە: "ئەو دوو برایە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا، نییە".

بەهمەن یووسف‌زادە، فەرهاد و فەرەیدوون مووساپوور، پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وەپاڵدراویان، هیچ زانیاریییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە: بەهمەن یووسف‌زاده، فەرهاد و فەرەیدوون مووساپوور