سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد پەیوەست بە داعش بوون

15:24 - 11 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی پەیوەست بوونی هاووڵاتیانی کورد بە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، سێ کەسی دیکەی خەڵکی شاری روانسەر چوونەتە ریزی داعشەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی روانسەر بە مەبەستی \"هیجرەت و جیهاد\" چوونەتە ریزی گرووپی داعشەوە.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی یەکێک لەو هاووڵاتییانەی \" م. ک\" تەمەن ٣٠ ساڵ راگەیاندووە و دەوترێت کە کارمەندی بانکی \"ملت\"ی روانسەر بووە.

لەو پێوەندییەدا موختار هووشمه‌ند لێکۆڵه‌ری بواری ئیسلامی سیاسی و گرووپه‌ رادیکاڵه‌ ئیسلامییه‌کان، باسی لەوە کردبوو کە هەتا ئێستا نزیک بە ١٠٠ کوردی کوردستانی ئێران پەیوەست بە داعش بوون.

هووشمەند وتبووشی، له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی خیلافه‌تی ئیسلامییه‌وه‌ تاکوو ئێستا، نزیک به‌٧٠٠ گه‌نجی کوردی ئێران و عێراق روویان لەناو داعش کردووە و و زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ش له‌ شه‌ش مانگی یه‌که‌می درووستبوونی خیلافه‌تدا پەیوەست بەو ریکخراوەیە بوون.

دەوترێت کە زیاتر لە ١٠٠ کەس لەو کوردانەی کە پەیوەست بە داعش بوون لە ریزی ئەو گرووپە هەڵاتوون و ئەگەری ئەوەش هەیە ٢٠٠ کەسیشیان لێ کوژرابێ.