سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

ڕۆژی هەینی ١٧ی بەفرانبار، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەیووب مووسا" خەڵکی شنۆ، "بایەزید خواڕەزم" و "هاوڕێ خواڕەزم" خەڵکی گوندی "خانلەر"ی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی "ئەیووب مووسا"یان لە شاری شنۆ دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی بایەزید خواڕەزم لە گوندی خانلەر و بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان لەگەڵ کوڕەکەی هاوڕێ خواڕەزم دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە: هاوڕێ خواڕەزم و ئەیووب مووسا