سێ‌كۆڵبەری كورد لە ناوچەی سەردەشت بەتەقەی هێزە ئینتزامییەكان بوونە قوربانی

13:33 - 23 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئێسلامیی ئێران لە ناوچەی سەردەشت دەستڕێژی راستەوخۆیان لە پۆلێك كۆڵبەر و كاسبكاری كورد كرد و لە ئەنجامدا كۆڵبەرێك كوژرا و 2ی دیكەش بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، مەحموود دیوەلان خەڵكی ئاوایی \"دیوەلان\"ی سەردەشت یەك لەو كۆڵبەرانەیە كە بەتەقەی هێزە ئینتزامییەكان گیانی لەدەست داوە.

هەر لەو پێوەندییەدا دوو كۆڵبەری دیكەش كە ناوی یەكێكیان ساڵح خەڵكی ئاوایی \"هەڵوێ‌\" سەر بە سەردەشتە بەتوندی بریندار بوون.

هەواڵنێری كوردپا لەدرێژەدا رایگەیاند، هێزە ئینتزامییەكان ساڵح بەبرینداری دەستبەسەر دەكەن و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە زانیارییەك لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەست دا نیە.

بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا 9 كۆڵبەری كورد لە ناوچە سنوورییەكانە كوردستانی ئێران بەهۆی دەستڕێژی هێزە نیزامیەكان كوژراو و بریندار كراون.

لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە 4 كۆڵبەری كورد گیانیان لەدەست داوە و 5‌ی دیكەش بریندار بوون.