سی هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە لە زیندانی بۆکان ئازاد کران

16:52 - 23 رێبەندان 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕێبەندان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی " قادر ڕەسووڵپوور"، "محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور" و "سەردار محەممەدپوور"،  خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندان، هێزەئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "ئاڵی کەند" سەر بە بۆکان و "قادر ڕەسووڵپوور"یان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، زیندانیی سیاسیی ساڵەکانی ٦٠ی هەتاوییە و بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە زینداندا بووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەریی قادر ڕەسووڵپوور، شووشەی دەرکە و پەنجەرەی ماڵی ناوبراویان شکاندووە.

هەروەها شەوی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، "محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور"، لە شوێنی کارەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەریی ئەو هاووڵاتییە، هەندێک کەرەستەیی کەسیی ناوبراویان وەکوو کامپیوتێر، مۆبایل و هەروەها فیلمی کامێرای چاوەدێریی شوێنی کارەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

قادر ڕەسووڵپوور و محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، پاش دەسبەسەرکردنیان بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوون.

سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندان، سەردار محەممەدپوور، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی خەبات و خەڵکی گوندی "ئاڵی کەند" سەر بە بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.