سینەماكارێكی كورد خەڵاتی فێستیڤاڵی "هات داكسی" كانادای بەدەستهێنا

15:40 - 19 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: فیلمی دیكیۆمێنتی \"ژنان\" لە دەرهێنانی لوقمان خالیدی سینەماكاری كورد، خەڵاتی 19مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی \"هات داكس\"ی وڵاتی كانادای بەدەستهێنا.

فیلمی دیكیۆمێنتی \"ژنان\" لە دەرهێنانی لوقمان خالیدی سینەماكاری كرماشانی، چەند رۆژ پێش ئێستا لە بەشی پێشبڕكێی ئەم فێستیڤاڵە لە شاری تۆرنتۆی وڵاتی كانادا نمایش كرا و لەلایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەت و دیپڵۆمی شانازیی پێ بەخشرا.

ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر بڵاوی كردەوە، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی \"هات داكس\" بە یەكێك لە گەورەترین فێستیڤاڵەكانی فیلمی دیكیۆمێنتاری باكووری ئەمریكا دێتە ئەژمار.

لەم خولەی فێستیڤاڵدا 189 فیلم لە 51 وڵاتی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەكانی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی نمایش كران كەلە نێوان ئەم فیلمانەدا فیلمی \"ژنان\" بە نوێنەرایەتیی سینەمای ئێران توانی ئەم خەڵاتە بەدەست بێنێت.

ناوەرۆكی ئەم فیلمە دیكیۆمێنتییە حەز و خولیای كچێكە، كە حەز دەكات ببێت بە ئەكتەر و بێتە نێو دنیای هونەرەوە.