سیروان ڕەحیمی پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی سنە

10:43 - 17 رێبەندان 2720

ئەمڕۆ هەینی ١٧ی ڕێبەندان، "سیروان ڕەحیمی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان، پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی سنە.

ئەو چالاکە مەدەنییە، مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، پاش کۆچی دوایی باوکی، هاتبووە مەرەخەسی.

ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە حوکمەکەی، سەردانی دادگای ئینقلابی سنەی کردبوو کە لە دادگا دەسبەسەر کرابوو و بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، سیروان رەحیمی، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن دادگای ئینقلابی سنە، بە ١٣ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، پشتڕاست کرابووە.

شەوی شەممە ٦ی ڕەزبەری ٩٨، ئەو چالاکە مەدەنییە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە مانگی ڕەشەمەی ٩٨، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.