سوێر بوونی ئاوی چاڵاوەکانی شاری بناو

16:58 - 14 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئاوی زۆربەی چاڵاوەکانی شاری بناو لە ئەنجامی زیاد بوونی رێژەی خوێ لە کەناراوەکانی گۆلی ورمێ، سوێـر بوون.

فەرمانداری شاری بناو رایگەیاندووە، لە ئەگەری زیادبوونی رێژەی سوێریی ئاوی چاڵاوەکان، هاووڵاتییانی دانێشتووی ئوستانی ئازەرباییجانی رۆژئاوا بە ناچاری زێدی خۆیان بەجێ دیڵن و ئەمەش کارەساتی مرۆیی بەدواوە دەبێت.

\"15100.jpg\"
رێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ساڵی رابردوو بەرپرسی رێکخراوی ژینگەی ئوستانی ئازەربایجان بە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی راگەیاندبوو، لە ئێستادا ٤٠ گوندی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەهۆی \"سوێـری ئاوەکان و وشکبوونی گۆلی ورمێ\"ـەوە چۆڵ کراون.

\"سەعید برقی\" فەرمانداری بناو باسی لەوەش کردووە، هەنووکە ٤٠٠٠ چاڵاو بە شێوەی نایاسایی لە شاری بناو بوونیان هەیە کە ئەمەش راستەوخۆ هەڕەشە لە وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا دەکات.

وتەکانی فەرمانداری شاری بناو لە کاتێک دایە، کە زۆرێک لە کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراو ئامانجدار ژینگە و بەتایبەت گۆلاوەکانی وەک ورمێ و زرێباری مەریوان لە ناو دەبات.

بەپێی دوایین راپۆرتەکان، هەنووکە نزیک بە ٨٠ لە سەدی ئاوی گۆلی ورمێ وشکبووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەگەری وشکبونوی یەکجاری ئەو گۆلە چاوەڕوان دەکرێ.