سوپای پاسداران لە هەمەدان سەرقاڵی كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ میلیشیاكانی عێراقە

14:15 - 13 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: سوپای پاسداران بە هەماهەنگی بەسیج داوایان لە بازاڕیان و سەندیكا پیشەیەكان كردووە، بە مەبەستی پشتیوانی لە گرووپە شیعەكانی عێراق و حكوومەتی بەشار ئەسەد لەسووریا، یارمەتییەكانیان بەو دوو ناوەندە نیزامیە بگەیەنن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی پێنجشەممە ١١‌ی بەفرانبار لەشاری هەمەدان كۆبوونەوەی سەندیكای بازاڕیان بەڕێوە چووە، کە تێیدا نزیك بە ٤٠ كەس لەهێزەكانی سەر بە سوپا و بەسیج چوونەتە ناو كۆبوونەوەكە داوای یارمەتیان لە بازاڕیان كردووە.

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند، ئەو دوو ناوەندە نیزامییە لەقسەكانیاندا باسیان لەوە كردووە، ئێمە بۆ شەڕ لەگەڵ داعش و پشتیوانی لە گرووپە شیعەكان لە عێراق و سووریا پێویستیمان بە یارمەتیی نەختی و خۆراك هەیە.

ئەو سەرچاوەیە كە نەویست ناوی ئاشكرا بكرێ‌باسی لەوەش كرد، هێزەكانی سوپا لە قسەكانیاندا زمانی زۆر و هەڕەشەیان بەكار هێناوە و تەنانەت بە ئەندامانی سەندیكای بازاڕییانیان وتووە، هەر بازاڕییەک یارمەتیمان بكات دواتر لەلایەن ئیدارەی ئەماكینەوە ئاسانكاری بۆدەكرێ‌و هەر كەسیش خۆی لەو بڕیارە ببوێرێ‌لەگەڵ گرفت بەرەوڕوو دەبێتەوە.

\"23985.jpg\"
یەكێك لە فەرماندەكانی سوپا لەو كۆبوونەوەیەدا وتوویەتی: بە هۆی هێندێ‌هۆكاری ئەمنیەتی ناكرێ‌ئەو پرسە بە میدیایی بكەین و ئاشكراشی كردووە، ئەگەر ئێمە لەعێراق و سووریا شەڕی داعش نەكەین، دەبێ‌سبەی لە هەمەدان و تاران ئەو شەڕە بكەین
سەندیكای جوملە فرۆشانی بازاڕیانی هەمەدان بە یەكێك لە سەندیكا گەوەركانی رۆژئاوای ئێران دێنە ئەژمار و رۆژانە رێژەیەكی بەرچاو لە بازرگانیكردن لەو شارە ئالوێر دەكرێت.

لەدرێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە، یەكێك لە فەرماندەكانی سوپا لەو كۆبوونەوەیەدا وتوویەتی: بە هۆی هێندێ‌هۆكاری ئەمنیەتی ناكرێ‌ئەو پرسە بە میدیایی بكەین و ئاشكراشی كردووە، ئەگەر ئێمە لەعێراق و سووریا شەڕی داعش نەكەین، دەبێ‌سبەی لە هەمەدان و تاران ئەو شەڕە بكەین.

پێشتریش لە چەندین حاڵەتدا سوپای پاسداران لە شارەکانی کوردستان و ئێران دەستیان بە ئەندامگیری بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ داعش و ئۆپۆزیسیونی سووریا کردبوو.

بەو تەی شارەزایانی سیاسی، پشتیوانییە بێ‌سنووری سوپای پاسدارانی حكوومەتی ئیسلامی لە گرووپە رادیكاڵە شیعەكان لە سووریا و عێراق كێشەی سیاسی ـ ئابووریی بۆ ئەو ناوەندە دروست كردووە و تەنانەت درزی كێشەكانی نێوان دەوڵەت و سوپای پاسداران گەورەتر بۆتەوە و ئەوەش لە لێداونی بەرپرسانی دەوڵەتیدا زۆر بە روونی دەردەكەوێ‌.

لەدرێژی رەوتی پشتیوانییەكان لە گرووپە میلیشیا شیعەكان، چەند رۆژ لەمەوبەر حوسێن سەلامی جێگری گشتیی سوپای پاسداران وتبووی: ئێمە بە هەموو تواناوە پشتیوانی لەعێراقی یەكپارچە و یەكدەست دەكەین.

ئەو فەرماندە نیزامییە ئەو قسانەی لە چاوپێكەوتن لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق كردبوو و ئەوەشی خستبوویە ڕوو، رێگە نادەین هیچ گرووپێك عێراق پارچو پارچە بكات، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە قارەمانیەتی پێشمەرگی كوردستان لەشەڕی دژی داعش نەكردبوو.

نیگەرانی لەحوزووری بەرچاوی هێزی سوپای پاسداران لە عێراق

\"23983.jpg\"
ئەنجومەنی رووناكبیرانی كوردستان(هەرێمی کوردستان) : \"نزیك بە ٧ هەزار هێزی سەر بە سوپای پاسدارانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەعێراقدان
لە کاتێکدا فەرماندەرە پایەبەرزەکانی سوپای پاسداران لەلێدوانە فەرمیەكانیاندا تەنیا باس لە بوونی راوێژكاری سەربازی لەعێراقدا دەکەن، ئەنجومەنی رووناكبیرانی كوردستان(هەرێمی کوردستان) لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردۆتەوە: \"نزیك بە ٧ هەزار هێزی سەر بە سوپای پاسدارانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەعێراقدان.

ئەو ئەنجومەنە لە راگەیەندراوەكەیاندا كە نوسخەیەكی بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی لە بوونی ئەو هێزانەی حكوومەتی ئێران، وتووشیانە: دوای ئەوەی (دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی) هێرشی كردە سەر ناوچە كوردنشینەكانی رۆژئاوای دیجلە لە عێراق، حكوومەتی ئێران ئەوەی بە دەرفەت زانی و بە بیانووی شەڕ لەگەڵ ئەو گرووپە جێ پێی خۆی پتەوتر كرد و خاكی ئەو وڵاتەی كردە تەراتێن و شوێنی سەركوت كردنی نەیارانیان.

ئەنجومەنی رووناكبیرانی كوردستان ئەو رەوتە بە زەنگێكی مەترسیی دەزانن و داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، یەكیەتیی ئورووپا، رێكخراوی كۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی و كۆمكاری عەرەبی دەكەن، كە هەموو هەوڵەكانیان بەمەبەستی دەركردنی هێزەكانی حكوومەتی ئێران لەعێراق وەگەڕ بخەن.