سوسیالی ئاڵمان هەڕەشەی سنوورداش کردنەوەی لە ٢ پەنابەری ئێرانی کرد

16:30 - 19 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ئیدارەی سۆسیالی شاری \"مۆخ\"ی ئاڵمان، هەڕەشەی سنوورداش کردنەوەی لە ٢ پەنابەری ئیرانی کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا بەرپرسی سوسیالی شاری \"مۆخ\" پاش سەردانی بۆ خەوتنگەی پەنابەرانی ناوچەی \" niederheiden\"، بەشێک لە کەلووپەلی شەخسیی ٢ پەنابەری ئێرانیی بۆ نێو چێشتخانەکەیان فڕێ داو سووکایەتی پێ کردوون.

یەکێک لەو پەنابەرانە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، ئەو بەرپرسەی ئیدارەی سوسیال بەناوی \"mauer man\" هاوڕێ لەگەڵ یەکێک لە کارمەندەکانی ئیدارەی ناوبراو بەناوی \"opolka \" بەبێ هیچ هۆکارێکی تایبەت، کەوش و جلوبەرگی ئێمەی فڕی دایە سەر کەلوپەلی چێشخانەکە و پاش سووکایەتی کردنێکی زۆر هەڕەشەی سنوورداش کردنەوەی لە ئێمە کرد.

ئەو پەنابەرە سیاسییە رایشیگەیاند: \"هەڕەشەی ئەو بەرپرسە لە حاڵێک دایە کە ئێمە ٢ ساڵ پێش ئێستا بەهۆی فشاری هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە زێدی خۆمان بەجێهێشت و لە ئەگەری سنوورداش کردنەوەمان بەرەڕووی مەترسیی ئەمنیەتی و گیانی دەبینەوە\".

یەکێکی دیکە لەو پەنابەرانە باسی لە کەمیی ئیمکانات و بارودۆخی نالەباری خۆیان کرد و رایگەیاند: \" رۆژانە لەلایەن بەرپرسانەوە بەرەوڕووی هەڵسوکەوتی نەشیاو دەبینەوەو بەردەوام لەلایەن بەرپرسانی سوسیالەوە سووکایەتیمان پێ دەکرێت\".

ئەو پەنابەرانە رایانگەیاندووە کە هەتا ئێستا هیچکام لە یاساکانی ئەو شوێنەیان پێشێل نەکردووە، بەڵام ئەو هەڵسووکەوتەی بەرپرسان بەردەوام لە دووپات بوونەوە دایە و ئەو پەنابەرانەش هۆکاری ئەو هەڵسوکەوتەی بەرپرسانی ئیدارەی \"سۆسیال\"یان بۆ دۆخی ئەمنیەتیی ئێران گەڕاندەوە.

پەنابەرانی ئێرانی رایانگەیاندووە کە پەنابەرانی وڵاتانی دیکە بێڕێزییان کردووە و کەلوپەلیشیان شکاندووە، بەڵام هیچکاتێک بەم شێوەیە لەلایەن بەرپرسانی سوسیالەوە بەرەوڕووی سووکایەتی نەبوونەتەوە.