سنە/ ژمارەیەک مامۆستای دیکەی کورد مانیان گرت

15:42 - 10 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لەو مامۆستایانەی کە لەسەرەتای \"شۆڕشی ئێران\" بە هۆکاری سیاسی ـ عەقیدەتی لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی سنە لەسەر کار دەرکرابوون، لە بەردەم ئوستانداریی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٨ی بانەمەڕ، ٥٠ کەس لەمامۆستایانی لەسەر کار دەرکراوی ساڵی ٥٩ لە بەردەم ئوستانداریی سنە کۆبوونەوە و خوازیاری بە دواداچوون بە دۆسییەکانیان بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە سنەوە ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئوستانداریی بەڵێنیان بە خۆپیشاندەران داوە کە پاش گەرانەوەی ئوستاندار لە سلێمانییە بە شێوەی فەرمی لە گەڵیان دانیشتن دەکەن.

ناڕەزایەتی مامۆستایان لە بەرەبەریی \" ڕۆژی مامۆستا\" لە ئێران رووی داوە.

یەکێک لەمامۆستا دەرکراوەکان بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، لەو کۆبوونەوەیەدا هێزە ئەمنیەتییەکان لەهەوڵی دەستگیرکردنی سیمین چایچی چالاکی فەرهەنگیدا بوون کە ژمارەیەک دووکاندار رێگرییان لەو کارە کردووە.

ئەو مامۆستایە لەدرێژەدا باسی لەوەش کردووە، هێزە لیباس شەخسییەکان مامۆستایانی ناڕازییان پشکنیوە و ناچارییان کردوون کە وێنەکانی پێوەندیدار بە خۆپیشاندانەکە بشارنەوە.

ساڵی ١٣٥٩، ٣٣٤ مامۆستای قوتابخانەکانی سنە بە هۆکاری ئەمنیەتی ـ عەقیدەتی لە لایەن ناوەندە پیوەندیدارەکانەوە لە ئیدارەی پەروەردەی ئەو شارە دەرکران.

ئەو مامۆستایانە بە مەبەستی بە دوداچوون بۆ کیشەکانیان ئەو خۆپیشاندانەیان بەڕێوە بردووە و هەتا ئێستاس لەلایەن ئۆرگانە حکوومەتییەکانەوە وڵامی پێویستیان نەدراوەتەوە.

رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە بۆ دووەم جار ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان لەشارەکانی کوردستان و ئێران بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە دۆخی ژیانیان لە بەردەم ئیدارەکانی پەروەردە و بارهێنانی شارەکانی خۆیان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.

ئەو مامۆستایانە داواکاریی زیادکردنی حقووق، باشتر کردنی دۆخی ژیانیان و لابردنی هەڵاواردنەکانیان بەرز کردبوویەوە.