سنە/ ناوەندەکانی دەنگدان بۆ سەرکۆماری و شۆراکان خەریکی کڕینی دەنگەکان بە پارەن

18:03 - 28 جۆزەردان 2721

ناوەندەکانی دەنگدان بە سەرکۆماری و شۆراکان لە شاری سنە، لە هەوڵی کڕینی دەنگی هاووڵاتییانن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، پاش کرانەوە ناوەندەکانی دەنگدان لە شاری سنە، جگەلە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو، بایکۆتی دەنگدانی کردووە و ناوەندەکانی دەنگدان چۆڵە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە ڕایگەیاندووە: "هێندێک لە ناوەندەکانی دەنگدان بەهۆی کەمی بەشداری خەڵک لە دەنگدان، خەریکی کڕینی دەنگی هاووڵاتییانن بە بڕی ٣٠ هەزار تەمەن".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەندە خەڵک بەشداری ناکەن لە پرۆسەی دەنگدان، هەر کاتژمێرێک لە نێوان ٢ هەتا ٤ کەس بەشداری دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، جێگری فەرمانداری و بەرپرسی کۆمیتەی ئەمنییەت و قەزایی شاری "سەحنە"ی پارێزگای کرماشان، باسی لە دەسبەسەرکردنی ١١ کەس کرد کە لە ناوەندەکانی دەنگدان لەو شارە، خەریکی کڕینی دەنگەکان بە پارە بوون.

جەمشید حەقی لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "١١ کەس کە بۆ هێندێک لە بەربژێرەکانی شۆرای شار و گوندەی ئەو شارە، بازاری کڕین و فرۆشتنی دەنگدانیان وەڕیخستبوو، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەوە، دەسبەسەر کران".