سنە/ بەم زووانە مێژووی ئەدەبی کوردی دەکەوێتە بەردیدی خوێنەران

20:58 - 7 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆی شاری سنە کتێبێکی لێکۆڵینەوەیی لە سەر مێژوو و ڕەوتناسیی ئەدەبی کوردیی بە چاپ گەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کتێبێ \"مێژووی ئەدەبیاتی کوردی\" لە نووسینی دوکتور جەماڵ ئەحمەدی لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان ناسیی زانکۆی ئازادی ئیسلامی لە شاری سنە، چاپ کرا.

کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی سەرجەم زاراوە کوردییەکان لە سەرەتاوە هەتاکوو سەردەمی هاوچەرخ و شەڕی یەکەمی جیهانی لەخۆ دەگرێت.

ئەوە یەکەم جارە کە کتێبێک بە زمانی فارسی لە سەر بەرهەمە کلاسیکەکانی ئەدەبیاتی کوردی لە چاپ دەدرێت.

پێشتر لە سەرەتای سەدی بیستمدا، توێژەرەکان لە کوردستانی عێراق، باسیان لە سەر مێژووی ئەدەبی کوردی کردبوو، بەڵام گشتگیرترین کتێبێک کە هەتا ئێستا لە سەر ئەدەبی کوردی نووسرابێت، بەرهەمەکانی دوکتور مارف خەزنەدارە.

\"\"بە وتەی بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەیی کوردستان ناسیی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی شاری سنە؛ کتێبی \"مێژووی ئەدەبی کوردیی دوکتور جەماڵ ئەحمەدی کە ناوبراو بۆ خۆی بەرێوەبەریی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی ئەو کتێبەی لە ئەستۆ بووە، بە پێنجەمین کتێبی ناوەندی کوردستان ناسی بە ئەژمار دێت، کە لە نێوەڕاستی ئەم مانگە لە شاری سنە ڕوونوێنی دەکرێت.

ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە؛ داوا لە لێکۆڵەرەکان و پسپۆڕانی کورد لە کوردستانی تورکیە و سووریە کراوە کە ئەگەر شتێکی مێژوویی لە سەر ئەدەبیاتی کورد لە پاژێکی ئەو کتێبە بە جێ مابێت و ئاماژەی پێ نەکرابێت، ناوەندی کوردناسی لە شاری سنە ئاگادار بکرێتەوە.

بڵاوکراوی \"گوتار\" ئەرکی لە چاپ دان و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە ٨١٠ لاپەڕەییەی، لە ئەستۆ گرتووە.