ستۆکهۆڵم/بەبەشداریی هونەرمەندێکی کورد پیشانگەیەک بەدژی چەوسانەوەی رەگەزی دەکرێتەوە

20:23 - 24 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەشاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید بە بەشداری هونەرمەندێکی وێنەگری کورد، پیشانگەیەکی وێنەگری سەبارەت بە \"بەرابەریی رەگەزیی ژن و پیاو\" دەکرێتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شێرکۆ جیهانی وێنەگری کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بە چەندین بەرهەمی وێنەگریی خۆیەوە بەشداری لە پیشانگەی \"بەرابەریی رەگەزیی ژن و پیاو\" لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید-دا، دەکات.

\"16086.jpg\"
شێرکۆ جیهانی وێنەگری کوردی خەڵکی شاری مەهاباد
ئەو وێنەگەرە کوردە لە لێدوانیکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، رایگەیاند؛ ڕێکخراوی \"ریال ستارس (Real stars)\" کە لەپێناو یەکسانی رەگەزی لەنێو ژنان و پیاوان و بە تایبەتی لە دژی ستەمی جنسی و سێکسی لە سەر ژنان کار دەکات، ئەو پیشانگەیە بەرێوە دەبات.

شێرکۆ جیهانی باسی لەوەیش کرد، \" رێکخراوی \"ریال ستارس\" لە دژی هەناردە کردنی ژنان بۆ فرۆشتنی جەستەیی بۆ وێنە لە رووسیە و ئۆکراین بۆ ئوروپان دوستێتەوە، چوونکە پێی وایە ئەو ژنانە بە شێوەی خراپ و لە لایەن مافیاکانەوە بە کار دێن.

ئەو هونەرمەندە کوردەی نیشتەجێی وڵاتی سوێد گوتیشی؛ ئەو پێشانگایە لە سەر ناوی Fair Sex بەڕێوە دەچێت و زۆر وێنەگر تیایدا بەشداری دەکەن و بڕیاڕە سبەینێ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٥ی رەزبەر و کاتژمێر پێنج و نیوی سەر لە ئێوارێ بەکاتی ستۆکهۆڵم بکرێتەوە.

بڕیاڕە ئەو پێشانگەیە پاش ئەوەی لە شاری ستۆکهۆڵم کۆتایی پێهات، لەشاری \"یۆتۆبۆری Gِtenberg \"یش بەڕێوە بچێت.