زیندانی شنۆ؛ لوقمان عەزیزی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:52 - 6 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژ، لوقمان عەزیزی زیندانیی سیاسیی پێشوو و خەڵکی شنۆ، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارەدا ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی شنۆ  ئازاد کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ، بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کردبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییەی پێشووە، پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

لوقمان عەزیزی ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ١٨ی خەرمانانی هەمان ساڵ، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.

لوقمان عەزیزی ١٠ی ڕەزبەری ١٣٩٥، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و ١٣ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزایی"، بە تۆمەتەکانی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهی نەتەوەیی و پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بە ١٦ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٦، لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بە لابردنی تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهی نەتەوەیی"، دادنامەی دادگای سەرەتایی بۆ لوقمان عەزیزیی پشتڕاست کردبووەوە.