زیندانی سنە؛ شەش هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە ئازاد کران

11:38 - 7 خەرمانان 2721

ڕۆژی شەممە ٦ی خەرمانان، پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کاوە منبەری"، "شێرکۆ منبەری"، "پەیام منبەری" و "سەریاد منبەری"، خەڵکی گوندی "نییەر" سەر بە سنە و هەروەها "بێهزاد محەممەدی"، خەڵکی گوندی "شیان" سەر بە سنە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارەدا ئازاد کران.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "نژاد عەزیزی"، تەمەن ٢٢ ساڵ، کوڕی فەخرەدین، خەڵکی گوندی "شیان" سەر بە سنە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارەدا ئازاد کرا.

ئەو شەش هاووڵاتییە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی سنە ئازاد کراون.

ناوبراوان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان" بێبەری کراون و تەنیا چەند جار پەیوەندییەکی کورتی تەلەفونییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە.

ئەو شەش هاووڵاتییە، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرابوون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بانەمەڕ، کاوە منبەری و شێرکۆ منبەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاشان ڕۆژی شەممە ١١ی بانەمەڕ، پەیام منبەری و سەریاد منبەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕ، بێهزاد محەممەدی و نژاد عەزیزی، خەڵکی گوندی "شیان" سەر بە سنە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو شەش هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.