٣ زیندانیی سیاسیی کورد سەرەڕای تووشبوون بە نەخۆشی و نالەباریی دۆخی جەستەیی، مەرەخەسییان پێنادرێت

15:46 - 16 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: سێ زیندانیی سیاسیی کورد، سەرەڕای تووشبوون بە نەخۆشیی قورس و نالەباریی دۆخی جەستەیی، لەلایەن دەزگای قەزایی و ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە رێگری لە چوونە مەرەخەسییان دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەفشین سۆهراب‌زادە زیندانیی سیاسیی کوردی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵكی کرماشان، لە کاتێکدا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووەو پێویستیی بە چاوەدێریی هەیە، لەلایەن دادستانی میناب و ناوەندە ئەمنییەکانی کوردستانەوە ئیزنی چوونە مەرەخەسیی پێنادرێت.

\"25823.jpg\"
ئەفشین سۆهراب‌زادە زیندانیی سیاسیی کوردی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵكی کرماشان
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی ریخۆڵە و خوێنبەربوونی نێو سک بووەو لە دۆخێکی نالەباردایە و ماوەی زیاتر لە ١ ساڵە داوای چوونە مەرەخەسییەکەی رەت دەکرێتەوە.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسیی لەو بارەیەوە بڵاوی کردۆتەوە، پزیشکی چاوەدێری (کۆمیسیۆنی پزیشکیی) زیندانەکانی ئوستانی هورموزگان پاش ئەوەیکە ئەفشین سۆهراب زادەیان خستۆتە ژێر چاوەدێرییەوە، نامەیەکیان بۆ بەرپرسانی زیندان و دادستانی میناب ناردووەو بارودۆخی تەندروستیی ناوبراویان مەترسیدار وەسف کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەتا ئێستا رەوانەی نەخۆشخانە نەکراوەو دادگوستەریی ئوستانی کوردستانیش دژایەتی لەگەڵ چوونە مەرەخەسیی ناوبراو دەکات.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ماوەی ١٠ مانگ پێش ئێستا دادگای ئینقلابی سنە بڕی ١٢٠ ملیۆن تمەنیان بۆ بارمتەی چوونە مەرەخەسیی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دیاری کردبوو، بەڵام پاش ئەوەیکە بنەماڵەکەی بە قەرز و قۆڵە توانیان ئەو بڕە پارەیە دابین بکەن، بەڵام لە ئەنجامدا دادگوستەریی ئوستانی کوردستان، بڕی بارمتەی مەرەخەسییی ناوبراوی بۆ ٢٢٠ ملیۆن تمەن زیاد کرد.

ئەفشین سۆهراب‌زادە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٨٩ دەستبەسەر کراو بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی میناب بۆ بڕایەوە، کە ساڵی ٩٢ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربرین بە دۆخی نالەباری زیندان هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

\"25824.jpg\"
محەمەد حوسێن رەزایی و کەریم مووسازادە دوو زیندانی سیاسی لە زیندانی میناب
لەلایەکی دیکەوە محەمەد حوسێن رەزایی ، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی میناب، کە بە مەبەستی نەشتەرگەری گوازرابوویەوە بۆ نەخۆشخانە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوە پاش نەشتەرگەرییەکەی، رەوانەی ئەو زیندانە کرایەوە.

دەگوترێ کە رەوانە کردنەوەی محەمەد حوسێن رەزایی بۆ زیندانی میناب لە کاتێکدایە، کە پزیشکی نەشتەرگەر رایگەیاندووە کە پێویستە ناوبراو ماوەی ٣ مانگ لە دەرەوەی زیندان پشوو بدات.

هەروەها کەریم مووسازادە، زیندانیی سیاسیی کورد، لە کاتێکدا ماوەی حوکمەکەی تەواو بووەو بەرپرسان رێگری لە ئازادکرانی ناوبراو دەکەن و ماوەی ١٦ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، لەگەڵ ئەوەیەکە رۆژ لەدوای رۆژ بارودۆخی تەندروستییەکەی بەرەو خراپتربوون دەچێت، هەتا ئێستا بەرپرسانی قەزایی و زیندانی میناب، گوێیان لە داخوازیی ناوبراو نەگرتووە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردەی خەڵکی ورمێ، کە ئەندامی کانوونی رۆشنبیری لاوانە، رێکەوتی ٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراو بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدا حوکمی ٦ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوەی بۆ زیندانی بەندەرعەباس بۆ بڕایەوە.