زیندانییەکی مەزهەبی لە مافی مەرەخەسی بێبەری کراوە

11:25 - 14 خەزەڵوەر 2720

زیندانییەکی مەزهەبی بە ناوی "تۆفیق عەبدوڵڵاهی" کوڕی حوسێن تەمەن ٣٤ ساڵ خەڵکی شاری مەهاباد، لە زیندانی ورمێ لە مافی مەرەخەسی بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە مەزهەبییە چەند جار داوای مەرەخەسی کردووە، بەڵام بەرپرسانی زیندانی ورمێ، داواکارییەکەی ئەو زیندانییەیان ڕەت کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو: "بەپرسانی زیندانی ورمێ هەروەها لەگەڵ داواکاریی گوازتنەوەی ئەو زیندانییە لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی مەهاباد، دژایەتییان کردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ چەند جار ئەو زیندانییە مەزهەبییەیە، بانگهێشت و داوای هاوکاری لێکردووە".

ئەو زیندانییە مەزهەبییە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، بە تۆمەتی "چالاکی مەزهەبی" بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی ١٢٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، دابووە.

تۆفیق عەبدوڵڵاهی لە ماوەی لێپرسینەوەدا، لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێراگەیشتن بە پارێزەرە" بێبەری کراوە و پاش ڕاگواستنی بۆ زیندانی ورمێ لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی گرتووە.

ئەو زیندانییە لە لقی لێپرسی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ تۆمەتەکەی پێڕاگەیەندراوە و لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "چابۆک" بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی، افساد فی الارض و ئەندامبوون لە گرووپە ئیسلامییەکان" بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.