زیندانییەکی سیاسی بەهۆی درەنگ ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە، لە چارەسەری پزیشکی بێبەری کرا

10:58 - 26 رێبەندان 2720

چەند ڕۆژ پێش زیندانییەکی سیاسیی بە ناوی "ئەکبەر باقری" خەڵکی شاری کرماشان، کە لە دابڕگەی زیندانی تارانی گەورە دایە و  تووشی چەندین نەخۆشی بووە، بەهۆی درەنگ ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە، لە لایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەوە، لە چارەسەری پزیشکی بێبەری کرا.

ماڵپەڕی "نە بە ئێعدام نە بە زیندان" لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە؛  ئەکبەر باقری بۆ ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە بانگهێشت کرابوو کە بە تێچووی کەسیی خۆی نەشتەرگەری بۆ بکرێت و بڕیار بوو ئەو زیندانییە، کاتژمێر ٩ لە نەخۆشخانە ئامادە بێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان، بەهۆی درەنگ ڕەوانەکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ نەخۆشخانە، بەرپرسانی نەخۆشخانە لە چارەسەری پزیشکیی ئەکبەر باقری خۆیان بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها نووسیویەتی: "ئەو زیندانییە  لەگەڵ زیندانییانی دیکە بە دەست و پێ بەستراوەیی، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوون و پاش چەند کاتژمێر سووڕاندنەوەیان بە نێو شاردا، گەڕێندرابوونەوە بۆ زیندان".

ئەکبەر باقری یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە پێش بینای مەجلیسی ئیران بووە کە لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٦ لە پێش ئەو ناوەندە حکوومەتییە لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە، دواتر لە لقی ١٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەڵەواتی" بە تۆمەتی "کۆبوونەوە  و تەبانی"، بە ٧ ساڵ و نیو و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ١ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرابووە.

ئەکبەر باقری تووشی نەخۆشیی خوێنبەربوونی ڕیخۆڵە و نەخۆشیی گەدە و گورچیلە بووە.