زیندانییەکی سیاسیی کورد مەترسیی بڕینەوەی لاقی لە ئارادایە

22:26 - 5 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندایییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە لە زیندانی ورمێ لە دەستبەسەری دایە، دادستانی ورمێ رێگریی لە ناردنی ئەو زیندانیە کوردە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان دەکات و بەو هۆیەوە مەترسیی بڕینەوەی لاقەکانی لە ئارادایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەیوان داودی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، کە یەکێک لە لاقەکانی تووشی \"عفونت\" بووە، دادستانی گشتی ورمێ رێگری لە ناردنی ئەو زیندانییە کوردە بۆ دەرەوەی زیندان دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پزیشکانی نەخۆشخانە رایانگەیاندووە، پیویستە بە زووترین کات رەوانەی دەرەوەی زیندان بکرێت.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کەیوان داودی بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، کەیوان کە ساڵی ١٣٨٧ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئیێران دەستبەسەر کرا، لەکاتی دەستبەسەر کرانی‌دا لە ئیتلاعاتی مەهاباد، لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە بەتوندی ئەشکەنجە کرابوو، کە ببووە هۆی شکاندنی پلاتینەکانی نێو لاقی.

\"20178.jpg\"
کەیوان داودی، زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر لاقی چەپی نەشتەرگەریی بۆ کراوەو لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی کە دادستانی گشتیی ورمێ رێگری لە ناردنی کەیوان بۆ دەرەوەی زیندان دەکات، بنەماڵەکەشی توانای دابین کردنی تێچووی ئەو نەشتەرگەرییەیان نییە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، \"مام برایمی باوکی کەیوان تەمەنی ٧٠ ساڵە و ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بەهۆی پەککەوتووییەوە لەماڵەوە گردەنشین بووەو توانای کار کردنی نەماوە\".

گوتیشی؛ مام برایم و دایکی کەیوان کە ژن و پیاوێکی بەساڵاچوون، هەتا ئێستا ٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنیان بە پارێزەر داوەو چەند جاریکیش سەردانی سەردانی سادق لاریجانی بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران‌یان کردووە، بەڵام نەتەنیا حوکمی زیندانی کوڕەکەیان گۆرانی بەسەردا نەهاتووە، تەنانەت یەک رۆژیش مەرەخەسیی پێ نەدراوە.

هەروەها سەرچاوەیەک لە زیندانی ورمێ بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، کەیوان لە ئێستادا باری تەندروستیی باش نییە و لاقی راستەی رەش هەڵگەراوەو لەکاتی ملاقاتیشدا، مەئموورانی نێو زیندان ناهێڵن لاقی بە بنەماڵەکەی نیشان بدات، کە ئەمە ترس و نیگەرانیی لەڕادەبەدەری لای بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دروست کردووە.

کەیوان داودی، کە لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لە سێ‌ڕێیانی دارە لەک لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە حوکمی ١٠ سال زیندانیی تەعزیری بۆ برایەوە و هەنووکە ماوەی ٦ ساڵ لەو حوکمەی تێپەڕ کردووە.

ئەو زیندانییە کوردە، بەر لە دەستبەسەرکرانی، بەهۆی رووداوی ماشینەوە لاقەکانی شکابوون و ئێسکەکانی هەر دوو لاقی بە پلاتین گرتبوویەوە، کە لەکاتی دەستبەسەرکرانیدا پلاتینەکانی لاقی بەهۆی ئەشکەنجەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە شکابوون.