رەزا شەریفی بۆکانی لە زیندان ئازاد کرا

13:17 - 24 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: رەزا شەریفی بۆکانی زیندانیی سیاسیی کورد پاش تێپەڕینی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج ئازاد کرا.

یەکێک لە زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، رەزا شەریفی بۆکانی سەرلە بەیانی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی مانگی گەلاوێژ پاش ئەوەی چەندین جار لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتییەوە بانگهێشت کراو بەڵێنی و پەنجە مۆری لێ ئەستێندرا کە لە چالاکیی سیاسی خۆ ببوێرێت، لە زیندان ئازاد کرا.

\"14652.jpg\"
رەزا شەریفی بۆکانی، زیندانیی سیاسیی کورد
رەزا شەریفی بۆکانی بەهۆی وتووێژ لەگەڵ مێدیاکانی دەرەوەی وڵاتی ئێران و بەتایبەتی لەگەڵ ئەحمەد شەهید لە یەکێک لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانی دەنگی ئامریکا، ماوەی چەندین مانگە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەژێر زەخت و گوشار دابوو.

ئەو زینداییە سیاسییە لەو پەیوەندییەدا چەندین جار بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین راگوێزراو بۆ ماوەی چەندین مانگ لەو زیندانەدا مایەوە.
رەزا شەریفی بۆکانی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە تاوانی \"هەوڵدان لەدژی تەناهیی نەتەوەیی\" ماوەی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیریی بۆ بڕاییەوە.