رەجایی شاری کەرەج/ راگواستنی ١٥ زیندانیی مەزهەبی بۆ زیندانەکانی دیکەی ئێران

14:11 - 21 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: بڵاو کرنەوەی ئاماری زیندانیانی کوردی پەیرەوی سوننی مەزهەب لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، گواستنەوەی بەشێک لەو زیندانیانەی بۆ زیندانەکانی دیکەی لێ کەوتووەتەوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی گشتیی زیندانەکانی ئێران بە فەرمانی دەزگای دادوەری بەشێک لە زیندانیانی سوننی مەزهەب لە رەجایی شاری کەرەجی بۆ زیندانەکانی دیکەی ئێران بەتایبەت زیندانەکانی ناوچە کوردنشینەکان گواستووەتەوە.

یەکێک لە زیندانیانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج وێڕای پشتڕاستکرنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: \" کەم کرنەوەی رێژەی زیندانیانی مەزهەبیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج پەیوەندی بە چالاکییە میدیاییەکانی چەند رۆژی رابردووە هەیە کە چەندین راپۆرت لە سەر دۆخی نالەباری ئەو زیندانیانە بڵاو کراوەتەوە\".

ناوبراو بە ئاماژە کردن بە ناوی ١٥ کەس لەو زیندانیانە گوتی: \" ناوەندە ئەمنیەکان بە مەبەستی لاوازکردنی یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی زیندانیانی پەیڕەوی مەزهەبی سوننی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، ئەو زیندانیانەیان بۆ زیندانەکانی دیکە گواستۆتەوە.

شووناس و شوێنی گواستنەوەی ١٥ کەس لە زیندانیانی پەێرەوی ئایینی سونەی زیندانی رەجایی شاری کەرەج بە شێوەی خوارەوەیە:

\"14555.jpg\"

دەگوترێت ئەگەری ئێعدام کرانی ٦ زیندانیی کوردی پەیڕەوەی مەزهەبی سوننی بە ناوەکانی \"حامد ئەحمەدی، کەماڵ مەولایی، سدیق محەمەدی. سەید هادی حسەینی، جەهانگیر و جەمشید دێهقانی\" لە ئارا دایە.

رۆژی ٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ، بەهمەن ئەحمەدی ئەمووی رۆژنامەنووسی سەربە بزووتنەوەی سەوز، لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە نامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێدا ئاماژەی بە ١٦٥ زیندانیی کوردی پەیڕەوی مەزهەبی سوننی لەو زیندانەدا کردبوو.

پێشتر ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە مەبەستی روماڵکردنی دۆخی نالەباری زیندانیانی پەیەڕەوی مەزهەبی سوننی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج و هەروەها دابەشکردنی زیندانییە کوردەکان بە سەلەفییەکانی سەربە بە ئەلقاعیدە لە لایەن بەهمەن ئەمووییەوە، راپۆرتێکی بڵاوکردووە کە تێدا لێدوانی لە کەسێکی ئاگادار لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە وەرگرتبوو.

ئەو سەرچاوەیە وێڕای رەتکردنەوەی راپۆرتەکەی بەهمەن ئەمووی رایگەیاند: هەرچەندە ئەم راپۆرتە ئیزنی وەزارەتی ئیتلاعاتی لە پشت بووە، بەڵام دەرخەری بێ ئاگایی ناوبراو لەم بابەتەیە و هەنووکە ١٠٦ کەس لە چالاکانی سیاسی - مەزهەبیی کورد بە هۆی داکۆکی کە بێڕێزی کردن بە دین و پیرۆزییەکانیان کەلە ماوەی ٨ ساڵ سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نژاد گەیشتبووە لوتکە، لە زیندان دان و بە پێچەوانەی قسەکانی ئەمووی ئەمانە تەنیا پروپاگەندەیان بۆ دین کردووە و هیچ کردەوەیەکی توندوتیژیانە و تیرۆریستییان ئەنجام نەداوە.

دەگوترێت زیاتر لە ١٥٠ کەسی سەلەفی کە زۆربەیان کورد و سوننە مەزهەبن لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجدا راگیراون.

لە مانگی بەفرەنباری ساڵی ٩١، شەش کەس لە چالاکانی مەزەهبیی پەیڕەوی ئایینی سونە بە ناوەکانی بەهرام ئەحمەدی، ئەسغەر رەحیمی، هوشیار محەممەدی، محەمەد زاهیر بەهمەنی، کەیوان زەند کەریمی و بێهنام رەحیمی لە قزڵ حەساری کەرەج لە سێدارە دران کە هەتا ئێستاش تەرمەکانیان رادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.