رێوشوێنی لێژنە مەزهەبییەكانی ئێران باخچەی ساوایانیشی گرتەوە

21:37 - 17 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: لەمەوبەدوا دەبێ‌ باخچەی ساوایان لە ئێران چالاكیی پەروەردە و بارهێنانیان لە چوارچێوەی پرسە مەزهەبییەكاندا بێت.

لێپرسراوێك لە رێكخراوی بێهزیستی وێڕای ئاماژە دان بە بڵاوكردنەوەی كتێبی\"بارهێنانی چەمكە مەزهەبییەكان\" لەناو باخچەی ساوایاندا رایگەیاند، دامەزراندنی باخچەی ساوایان بە تێڕوانینی دینی لە كارە سەرەكییەكانی رێكخراوی بهزیستییە.

جێگری كۆمەڵایەتیی رێكخراوی بێهزیستی، بەپێی رێككەوتنامەیەك كەلە نێوان رێكخراوی بێهزیستی و لێژنە مەزهەبییەكان واژۆ كراوە و فەقێی ژن و هەیئەتی مەزهەبی دەچنە باخچەی ساوایان.

محەممەد نەفریە لە حاڵێكدا كە باس لە رەوانە كردنی هەیئەتی مەزهەبی بۆ باخچەی ساوایان دەكات، ماوەی سێ‌ ساڵە كە گەڵاڵەی بەرگریی لە بنەماڵە بەهۆی دژایەتیی شۆرای نیگابان بە شێوەی چارەسەر نەكراوی ماوەتەوە.

پێشتریش نوێنەرێكی بناژۆخوازەكان لە مەجلیسی نویەم، باخچەی ساوایانی بە \"بنكەی دوژمن\" ناودێڕ كردبوو.

لەحاڵی حازردا 55 هەزار راهێنەر ئەركی بارهێنانی 670 هەزار منداڵیان لە 15 هەزار باخچەی ساوایان لە ئەستۆیە.