رێفۆرمی دێمۆکراتیک لە تورکیا و داخوازیی کوردەکان + وتووێــژ

21:04 - 9 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: گەڵاڵەی پێشنیار کراوی حیزبی دەسەڵاتداری تورکیا لە راستای رێفۆرمی سیاسی – فەرهەنگیی وڵاتدا لەگەڵ هەڵوێست و پەرچەکرداری جۆراوجۆری کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان بەرەوڕوو بوویەوە.

رۆژی رابردوو سەرۆک وەزیرانی تورکیا و کەسی یەکەمی حیزبی داد و گەشە پێدان پاکێجێکی ٦٣ ماددەیی \"رێفۆرمی دێموکرات\"ی پێشنیار کرد و \"قۆناغێکی مێژوویی\" بۆ وڵاتی تورکیا وەسف کرد.

ئەم پاکێجە کە دەگوترێ ٧٠%ی بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد لەوڵاتی تورکیادا گەڵاڵە کراوە، لەگەڵ دژایەتیی زۆرێک لە حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان بەرەوڕوو بووەوە و بە پاکێجێکی بێ ناوەڕۆکیان لەمەڕ چارەسەر کردنی پرسی کوردەکان لەقەڵەم دا.

یەکێک لە رێبەرانی حیزبی ئاشتی و دیمۆکراسی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: \" ئەم پاکێجە داخوازیی ئێمە(کوردەکان)ی نەهێنایە دی و هاوکات تورکیا تووشی دەسەڵاتێکی تاکڕەوی بووە و تەنیا بەرژەوەندییەکانی حیزبی داد و گەشەپێدان دەستەبەر دەکات.

\"15745.jpg\"
گوڵتەن کشاناک،یەکێک لە رێبەرانی BDP
هەواڵدەریی ئانادۆڵ لە زاری \"گوڵتەن کشاناک\"ـەوە بڵاوی کردەوە؛ \"هەر ئێستا سەرجەم لەمپەر و ئاستەنگەکان لە بەردەم ئازادیی رادەبڕین، میدیا و پرۆسەی دیمۆکراسی لە وڵاتی تورکیادا هەیە و بە هەزاران زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی ئەم وڵاتەدا راگیراون\".

لەلایەکی دیکەوە، جەمیل بایک کەسی ژومارە ٢ی حیزبی کرێکارانی کوردستانی توکیا پاکێجەکەی ئەردۆغانی بە \"پەردەپۆش کردنی هێرشەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان (سووریا)\" لەقەڵەم داوە و هێرشی گروپەکانی سەربە حکوومەتی تورکیای بۆ سەر دانیشتوانی کورد، بە دوژمنایەتیی توکیای لەگەڵ کوردەکان وەسف کرد.

جەمیل بایک ئاماژەی بە پشتیوانیی تورکیا لە گروپە توندئاژۆ سەلەفییەکان و جبهەتونوسرا بۆ هێرش کردنە سەر کوردەکانی سووریا کردووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا سەبارەت بە پاکێجەکەی حیزبی دەسەڵاتداری تورکیا و کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتووی کوردەکانی ئەو وڵاتە، لەگەڵ \"مامەند رۆژە\" چاوەدێری کاروباری سیاسیی وڵاتی تورکیا وتووێـژێکی پێکهێناوە.

ناوبراو سەرەتا سەبارەت بە هەڵوێست و پەرچەکرداری حیزبی ئاشتی و دیمۆکراسی و حیزبی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند: \"ئەم کێشانە دەبوا پێشتر یەکلایی کرابانەوە، ئێمە هەتا ئێستاش ئاگاداری ناوەڕۆکی وتووێژەکانی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا و نامەکانی نێوان ئیمرالی و قەندیل نین کە چی بوون و گریلاکان بەپێی چ گەرەنتییەک پاشەکشە دەکەن\".

\"15746.jpg\"
مامەند رۆژە، چاوەدێری کاروباری سیاسیی وڵاتی تورکیا
مامەند رۆژە لە وەڵامی پرسیارێکدا کە سەرەڕای ئەوەی پاکێجەکە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد گەلاڵە کراوە، بەڵام بۆچی ئەردۆغان لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بە وشەی کورد و کوردستان نەکرد، رایگەیاند: حکوومەت ناوێری ریسک بکات هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان نزیکە و بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە دەبێتە هۆی بزاوتنی هەستی نەتەوەپەرستەکانی \"MHP\" و لە ئەنجامدا رێژەی دەنگدەرانی روو لە کەمی نەکات\".

ئەو چاوەدێرە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە گرنگترین ماددە لەو پاکێجەدا، \"لابردنی تەواوی بەربەستەکانی هەڵبژاردن و کەمکردنەوەی بەربەندی ١٠%ی هەڵبژاردنەکان بۆ چوونە پارلمان\" بووە، چونکە هەر حیزبێکی سیاسی لە وڵاتی تورکیا رێژەی ١٠%ی دەنگەکانی نەبێت، ناتوانێ برواتە پارلمان کە ئەمەش راستەوخۆ لە بەرژەوەندیی کورددایە و کورد وەکوو حیزبێکی سیاسی حیسابی بۆ دەکرێ و هاکات \"BDP\"یش دەتوانێ ٥٠ نوێنەر رەوانەی پارلمان بکات\".

حیزبی ئاشتی و دیمۆکراسی ئێستا ٢٩ کورسیی پارلمانی تورکیای هەیە.

رۆژە، دژایەتیی حیزبی ئاشتی و دیمۆکراسی و حیزبی کرێکارانی کوردستانی لەگەڵ پاکێجەکەی سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ نەبوونی ٣ داخوازیی سەرەکیی کوردەکان لە گەڵاڵەی ریفۆرمی حیزبی دەسەڵاتداردا گەڕاندەوە.

مامەند رۆژە سێ ماددەی جێگەی سەرنجی دژبەرانی بەم شێوەیە شی کردەوە: لابردنی یاسای سزاکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، چونکە حکوومەت دەتوانێ بەپێی ماددەی یاسایی، هەموو کەسێک بە بیانووی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی دەستبەسەر و زیندانی بکات و ئەم یاسایەش راستەوخۆ پەیوەندیی بە چالاکییەکانی حیزبی کرێکارانی کوردستانەوە هەیە و لە ئەگەری لابردنی ئەو یاسایە ژومارەیەکی زۆر لە گریلاکان دەتوانن بۆ تورکیا بگەڕێنەوە.

دووەمین هۆکاری دژایەتیی حیزبە سیاسییەکانی کورد لەگەڵ ئەو گەلاڵەیەی ئەردۆغان ئەوەیە کە دەبوا لێخۆشبوونێک دەربچوایە کە ئەوانەی بە ناوی کەجەکەوە گیراون کە ژومارەیان دەگاتە ٨ هەزار چالاکی کورد کە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی تورکیاوە دەستبەسەر کراون.

گۆڕینی بارودۆخی زیندانەکەی \"عەبدوڵڵا ئۆجەلان\" سێیەمین هۆکاری دژایەتیی ٢ حیزبی سەرەکیی کوردەکان لەگەڵ پاکێجەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە.

ئەم چالاکە سیاسییەی شارەزا لە کاروباری سیاسیی وڵاتی تورکیا، هەر چەشنە هەوڵدانێکی دەوڵەتی تورکیای بۆ سڕێنەوەی حیزبە کوردییەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەو وڵاتە لەو پاکێجەدا رەت کردەوە و رایگەیاند: بە پێچەوانە دەرەتانێکی زۆیاتر بۆ کورد دەرەخسێنێت و رێگا بۆ خەباتی یاسایی زیاتر دەکات، بەڵام ئەم دژایەتییە دەتوانێ پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە هەبێ و هەر لایەنێک دەتوانێ بە گرژ هێشتنەوەی دۆخەکە رێژەی دەنگدەر و لایەنگرانی خۆی زیاتر بکات.

خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان یەکێکی دیکە لەو ماددانەی نێو پاکێجەکەیە، بەڵام ئەم ماددەیە تەنیا پەیوەندیی بە قوتابخانە تایبەتییەکانەوە هەیە و ئەمەش تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە پارە لەو قوتابخانانەدا دەخوێنن و ماددەکە قوتابخانە حکوومەتییەکان ناگرێتەوە.

لە دەیان ساڵی رابردوودا ناوی گوند و شار و شوێنە فەرهەنگی و مێژووییەکانی کوردستان بە شێوەی سیستماتیک لە کوردییەوە بۆ تورکی گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و بە ناوی تورکییەوە تۆمار کراون، بەڵام لەم گەڵاڵەیەدا شوناس و ناسنامەی کوردییان بۆ دەگەڕێتەوە.

\"15744.jpg\"
لە وڵاتی تورکیا بەکارهێنانی سێ پیتی W(و) ،X(خ) و Q(ق) بە هۆی کوردی بوونیانەوە قەدەغە بوون و هەرجۆرە بەکارهێنانیان لە کاروباری حکوومیدا قەدەغە راگەیاندرابوو.

سەرۆک وەزیرانی تورکیا لەماوەی ١١ ساڵی رابردوودا خوازیاری کرانەوە لە باری سیاسی و چارەسەر کردنی پرسی کورد لە وڵاتەکەیدا بووە و بە بڕوای زۆرێک لە کارناسانی سیاسی، ئەم گەلاڵەیە یەکەمین پاکێج و دوایین پاکێج نابێت.

کوردەکان بە گەورەترین کەمینەی نەتەوەیی لەوڵاتی تورکیا دادەندرێن و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان رێژەیان ٢٥ ملیۆن کەس بەراورد کراوە.