كرێكارانی بەشی تونەیلی بەنداوی "ئازاد"ی سنە ـ مەریوان دەستیان دایە مانگرتن

22:09 - 13 جۆزەردان 2712
كوردپا: ماڵپەڕی كۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیی دامەزراوە كرێكارییەكان بڵاوی كردەوە، 50 كرێكاری بەشی تونەیلی بەنداوی ئازاد لەسەر جادەی مەریوان ـ سنە بەهۆی پێنەدانی حەوت مانگ مووچەیان، مانیان گرتووە.

هەمان سەرچاوە لە درێژەی راپۆرتەكەیدا نووسیویە، بەنداوی ئازاد كە لەژێر چاوەدێریی \"جیهادی گەشەی شیركەتە زنجیرەییەكان\"دایە ماوەی حەوت مانگە هیچ مووچەیەكی بەكرێكرەكانی بەشی تونیلی ئەو بەنداوە نەداوە و ئەوانیش لە ئیعتراز بەم مەسەلەیە و كەشی زاڵی دژە كرێكاری، لە رێكەوتی 8ی جۆزەردانەوە دەستیان داوەتە مانگرتن.

ئەو 50 كرێكارە رایانگەیاندووە، كە هەتا جێبەجێ‌نەكردنی داخوازییەكانیان دەست لە مانگرتن هەڵناگرن.

چالاكانی كرێكاری لە ناوچە جیاجیاكانی ئێران لەو باوەڕە دان لە حاڵێكدا ئەمساڵ لەلایەن حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ساڵی \"بەرهەمهێبنانی میللی و پشتیوانی لە كار و سەرمایەی ئێرانی\" ناودێر كراوە، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ رەوشی ژیانی كرێكاران و ئەو چینە بەرەو خراپتر بوون دەڕوات.
\"4741.jpg\"
كێشە و گرفتی كرێكاران:
ئەو كێشە و ئاستەنگانەی كە بەرۆكی چینی كرێكاری گرتووە، تەنیا دەركران نیە، بەڵكوو كێشە و ناكۆكی لەگەڵ خاوەنكاران، نەبوونی بیمە و ئەمنیەتی كار، ئیزن نەدان بە رێكخستنی كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خستنە رووی داخوازییەكان و زۆر جار گیران و زیندانی كردن، بەشێكن لە گرفتەكانیان.

كەمیی مووچە، گرانی و دژوارییەكانی ژیان و دواخستنی مووچە و مەزایاكان و زۆر جار بڕینی مووچەی چەند مانگە، كرێكارانی تووشی كێشەی نەداری و هەژاری دەكاتەوە و دەبێـتە گرفتی دەروونی بۆیان.

دۆخی نالەبار و هەژێنەری كرێكارانی كورد لە ناوچە كوردنشیەكانی ئێران بۆتە هۆی ئەوەی كەلە ماوەی زیاتر لە دوو ‌مانگی رابردوودا ١٢ كەس لە كرێكارانی كەرتەكانی وەبەرهێنان و كارگەكان بەهۆی خۆکوژی و رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست بدەن.

مەسەلەی تەندروستی و نەبوونی ئەمنیەتی كاری بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی كرێكاران لە كاتی كار كردندا، كە لەناو كرێكارانی بیناسازییەكان لەم بارەوە زیاترین حاڵەت رووی داوە.

بەپێی ئامار و زانیاریەکان لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ەوە هەتا ئێستا نزیک بە ٧ هەزار کرێکار لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەسەر کار دەرکراون و چەندین کەرتی کاریش داخروان.

ئیعتراز و ناڕەزایەتی بەو دۆخە نالەبارە زۆر جار لەلایەن حكوومەتەوە پێشی پێدەگیرێت و وەك هەوڵدان بەدژی تەناهیی نەتەوەیی لە قەڵەم دەدرێت، كۆبوونەوەی سەرشەقامی كرێكاران بۆ خستنە رووی داخوازی و مووچە دواخراوەكانیان، وەك شێوێنەری ئاسایشی گشتی لە قەڵەم دەدرێت.