رووداوی کار، گیانی کرێکارێکی کوردی ستاند

14:13 - 14 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی شاری بۆکان کە سەرقاڵی کارکردن لە بینایەکی چەند قاتدا بووە تووشی رووداوی کار هاتووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمجەد عەلیوەند تەمەن ٢٣ ساڵ لە یەکێک لە بیناکانی جادە حەساری شاری بۆکان بەر بووەتەوە و دەست بە جێ گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی شایەتحاڵان ئەو کرێکارە کوردە کەرەسەی \"باڵابەر\" بەر سەری کەوتوە و بە هۆیەوە کۆنترۆڵی خۆی لەدەست داوە.

چالاکانی کریکاری لەو باوەڕەدان، دۆخی کرێکارانی کورد لە ئێران رۆژ لەگەڵ رۆژ دژوارتر دەبێت و رۆژانە شایەتی بیستنی مەرگی کرێکارانین کە دەبنە قوربانیی دەستی نەبوونی ئیمەنیی کار و نەبوونی کەلوپەلی ستاندار بۆ کار کردن.

ئەو چالاکانە باس لەوەش دەکەن، بیمەی کرێکاری زۆر بە ئەستەم کرێکارانی کورد دەگرێتەوە و ئەگەریش بیمە دەکرێن، خاوەنکارەکانیان کێشەیان بۆ دروسیت دەکەن و لەخزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەرییان دەکەن.

بەپێی مادەی ٢٩ لەیاسای کاری ئێران، هەر کرێکارێک کە لەرۆژدا ٨ کاتژمێر کار دەکات پێویستە \"بیمە عمر\" بکرێت، کەچی بە وتەی بەشێک لەکرێکارانی کورد شتێک بەناوی بیمەی تەمەن(عمر) لای ئەوان نامۆیە و خاوەنکارەکان پێش بەو بیمانە دەگرن و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش هیچ لێپرسینەوەک ناکەن و پاس ئەوەی بە رووداوی کاریشەوە گیان لەدەست دەدەن بنەمالەکانیان سەرگەردان دەبن.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی دوو مانگی(خەکەڵێوە و بانەمەڕ)ی ئەمساڵدا ١٢ کرێکاری کورد لە کوردستانی ئێران بە هۆی رووداوی کارەوە بوونەتە قوربانی.

لە کۆی گشتی ئەو ریژەیە ١٠ کرێکار گیانی لەدەست داوە و ٢ی دیکەش بە سەختی بریندار بوونە.