رووداوی کار لە تاران، گیانی کرێکارێکی سنەیی ستاند

20:20 - 22 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، کە بۆ کار کردن رووی لە تاران کردبوو، بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٠ی رێبەندان، غەفار ەحمەدیکرێکاری کوردی خەلکی گوندی \"سەرهوویە\"ی سەربە بەخشی کەڵاتەرزانی سنە، بەهۆی رووداوێکی کارەوە گیانی لەدەست دا.

هاوکات، کرێکارێکی دیکەی خەلکی گوندی \"سریاس\"ی سەربە شرای پاوە، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی تووشی برینداری بووەو هەنووکە لە نەخۆشخانەی میلادی تاران لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

ئەو لاوە کوردە، پاش ١٦ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە رۆژی رابردوو رێکەوتی ٢١ی رێبەندان گیانی لەدەست داوە.

هەروەها دوو برا کە وەکوو پاسەوانی شەوانە لە شیرکەتێکی \"اکتشافی\" لە شاری گیلانی رۆژئاوا سەرقاڵی کار کردن بوون، بەهۆی بەکارهێنانی دار و بەهۆی سووتاندنی دار و تەختە بۆ گەرمکردنەوەی خۆیان تووشی گازگرتوویی بوون و یەکێک لەو کرێکارانە کە تەمەنی ٢٤ ساڵە بە هۆی هەڵمژینی گازی منۆئۆکسیدی کەربۆن گیانی لەدەست داوە و ئەوی دیکەشیان رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

چالاکانی کرێکاری لە ئێران بەردەوام رەخنە لە دۆخی خراپی کار لە کارگە و پرۆژە بیناسازییەکانی وڵاتی ئێران دەگرن.

\"مەرگی بێدەنگی کرێکارانی\"، چەمکێکە کە لەنێو چالاکانی کرێکارانی ئێراندا سەبارەت بە مەرگی کرێکاران بەهۆی رووداوەکانی کارەوە لە ئێراندا بەکار دەبردرێت.