راپۆرت / ژمارەی کوژراوانی بوشێهر گەیشتە ٣٩ کەس + وینە

17:17 - 22 خاکەلێوه 2713
ئاژامسی کوردپا: بەهۆی بوومەلەرزەیەکی\" ٦ ریشتێر\"ی لە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە ئوستانی بوشێهر، ٣٩ هاووڵاتی کوژران و زیاتر لە ٩٥٠ کەسیش بە توندی بریندار بوون.

پاش تێپەڕبوونی ٣ رۆژ بەسەر ئەو رووداوەدا ناوچەی \"کاکی\"ی ئوستانی بوشێهر، خواردن و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بەشێوەی پێویست بەدەست نەگەیشتووە و ئەمەش گەورەترین کێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

جێگری بەشی بیناسازیی ئوستانداری بوشێهر بە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی راگەیاندووە: لە شەوی رابردووەوە هەتا ئێستا ٢٠ پاش لەرزە لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان رووی داوەتەوە و هێندێک لە بیناکان کە بە سووکی تووشی خەسار هاتبوون، بە تەواوەتی تێک رووخاون.

\"11956.jpg\"
بەپێی دوایین زانیارییەکان هەتا ئێستا ٣١٠٠ یەکەی نیشتەجێ بوون تێک رووخاون و ٥٠٠ یەکەی دیکەش ٣٠ هەتا ٤٠% تووشی رووخان هاتوون.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی \"عەسری ئێران\" بڵاوی کردەوە، رێژەی قوربانیانی بوومەلەرزەی ئوستانی بوشێهر بە دۆزرانەوەی ٢ تەرمی دیکە لە شاری \"شۆنبە\" بۆ ٣٩ کەس زیادی کردووە.

بارودۆخی یارمەتی گەیاندن بۆ برینداران و زیان لێکەوتوانی گوندەکان لاواز وەسف کراوە و هەواڵدەریی مێهر بڵاوی کردەوە، گوندەکانی \"سەهوو، باغان، دەروێشی و ناسری\"ی سەربە شاری دەشتی پێویستیان بە یارمەتیی خێرا هەیە.

\"11955.jpg\"
هاوکات پچڕانی بەرق و کەرەستەکانی فێنک کەرەوە بەهۆی گەرمای لەڕادە بەدەر، یەکێکی دیکە لە پێداویستییەکانی لێقەوماوان بە ئەژمار دێت و هەر لەو پەیوەندییەدا شاری شۆنبە کە زیاتر لە ٧٠% تووشی خەسار بووە، هێڵی ئاو و بەرقەکەی تووشی پچڕان هاتووە.

سەرلە بەیانی ئەمڕۆ بە خاک سپاردنی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیە لە شاری \"خورموج\"ی ئوستانی بوشێهر دەستی پێ‌کرد و ٣ رۆژ ماتەمینی گشتی لەو ئوستانە راگەیەندراوە.

پاش روودانی ئەو بوومەلەرزەیەی رۆژی سێشەممە، زۆرێک لە راگەیەنەکان بڵاویان کردەوە کە بنکەی ناوکیی ئوستانی بوشێهر زیانی بەرکەوتووە، بەڵام ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە زاری بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، لەم رووداوەدا بنکەی ناوکییی بوشێهر هیچ زیانێکی بەر نەکەوتووە و لەو ناوچەیەدا هیچ ئاسەوارێک لە بڵاوبوونەوەی \"رادیۆ ئەکتیو\" بەرچاو نەکەوتووە.

\"11954.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە وتە بێژی کۆشکی سپیی ئامریکا بۆ یەکەم جار پاش بوومەلەرزەی شاری \"بەم\" ئامادەیی هاوکاری کردنی وڵاتەکەی بۆ لێقەوماوانی ئوستانی بوشێهر دەربڕی.

هاوکات وڵاتانی تورکیە و ژاپۆن ئامادەیی خۆیان بۆ یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوان دەبڕیوە، بەڵام حکوومەتی ئێران بێ نیازیی خۆی لە هاوکاریی دەرکی راگەیاندووە.

کۆتایی مانگی گەلاوێژی ساڵی رابردوو لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بوومەلەرزەیەکی ٦،٢ ریشتێری روویدا، کە زیاتر لە ٣٠٦ قوربانیی لێکەوتەوە و زۆربەی ئامارە ناحکوومییەکان رێژەی قورابیانیان نزیک بە ١٠٠ هەزار کەس راگەیاندووە.