راپۆرت‌رۆژی جیهانی خەبات بەدژی ئێعدام و چاوخشاندنێک بە رەوتی ئێعدامەکان لەئێران

13:58 - 18 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: \"رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێکخراوی هاودەنگی جیهانی دژی سزای ئێعدام\" لە کۆبوونەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٢‌دا، رۆژی ١٠‌ی ئوکتوبر (١٨‌ی رەزبەر) ی هەموو ساڵێکیان وەکوو رۆژی خەبات بە دژی سزای ئێعدام دیاری کرد.

دیاری کردنی ئەو رۆژە لەحاڵێکدایە کە چالاکانی مافی مرۆڤ لەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو باوەڕەدان، بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدامەکان نەیتوانیوە یارمەتی بە کەم کردنەوەی تاوانەکان بکات.

چین، ئێران، کورەی باکوور، عەرەبستان، پاکستان و چەندین وڵاتی دیکە لەو شوێنانەن کە بە پێی لێکۆلینەوەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی وەکوو \"لێبوردنی نێودەوڵەتی\" زۆرترین ئێعدام تێیاندا بەڕێوە دەچێت و ئەو کەسانەشی کە حوکمی لەسێدارە دانەکانیان بەڕێوە چووە لە بنەماڵە هەژار و سەر بە نەتەوە بندەست و کەمینە مەزهەبییەکانن.

بە وتەی چالاکانی مافی مرۆڤ حکوومەتی ئیسلامیی ئێران یەک لەو وڵاتانەیە کە بەپێی ئەو یاسایانەی تێیدا حاکمە حوکمی ئێعدام بە رەوا دەزانێ‌و لەکاتی هاتنە سەرکارییەوە هەتا ئێستا بە بەردەوامی ئەو شێوە سزایەی بەڕێوە بردووە.

لەو پێوەندییەدا \"دروری\" بەرپرسی سیاسەتی بەشی رۆژهەڵاتی ناڤین لەرێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی\" رایگەیاندبوو، لە دوو ساڵی کۆتایی دەورانی دەسەڵاتداریەتی مەحموود ئەحمەدی نژاددا، سزای ئێعدامەکان ٤ قات بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو زیادی کردبوو.

بەپێی راپۆرتی ئەحمەد شەهید رێپورتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ ( ١٢‌ی بەفرانباری ١٣٩١)‌وە هەتا ئێستا زیاتر لە٤٠٠ کەس لەئێران ئێعدام کراون.

رەوتی ئێعدامەکان لەدەوڵەتی \"اعتدال\"‌ی حەسەن رۆحانیدا

\"15932.jpg\"
حەسەن رۆحانی لە بانگەشە هەڵبژاردنییەکانیدا بە بەردەوامی باسی لە کەم کردنەوەی توندوتیژی و هێنانە ئارای سیستمێکی گونجاو و بوار پێدان بە دەربڕینی بیرورا دەکرد و رەخنەشی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی نۆیەم و دەیەم دەگرت.

بە وتەی کارناسانی سیاسیی و مافی مرۆڤ، لە ماوەی هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانی وەکوو سەرکۆماری حکوومەتی ئێران رەوتی ئێعدامەکان درێژەی هەبووە و هەتا ئێستا نەیتوانیوە بەڵێنییەکانی جێبەجێ‌بکات.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەماوەی دوو مانگ دەوڵەتدارییەتیی حەسەن رۆحانیدا ١٤٥ هاووڵاتیی لەوڵاتی ئێراندا لەسێدارە دراون.

ئەو ئامارە تەنیا پێوەندیی بە دوو مانگەوە واتە لە رێکەوتی ١٢‌ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ هەتا ١٢‌ی رەزبەرەوە هەیە.

بەپێی ئەو ئامارە بە ریز لەگرتووخانەکانی ورمێ‌، رەجایی شاری کەرەج، یەزد و ئەهواز زۆرترین رێژەی ئێعدامەکان بەڕێوە چووە و هەروەها ١٤حاڵەتی لەسێدارەدانیش لەشوێنەگشتییەکان بووە.

تەنیا لەماوەی سێ‌رۆژ سەردانی حەسەن رۆحانی بۆ ئەمریکا و ئاخاوتنی لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٢ کەس لەئێران ئێعدام کراون.

تێڕوانین و بەرجەوەند (چشم انداز)‌ی حکوومەتی ئێران بۆ ئێعدامەکان

\"15933.jpg\"
ماوەیەک لەمەوبەر بەرپرسی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران زیندانیانی سیاسیی بە \"زیندانیانی ئەمنیەتی\" لەقەڵەم دابوو و رای وابوە کە لەئێران زیندانیی سیاسیی بوونی نییە.

سادق لاریجانی لەوتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا وتبووی: سایتە\"تێکدەرەکان\" دەیانهەوێ‌وا نیشان بدەن کە لەئێران زیندانیی سیاسی بوونی هەیە و لەو رێگایەوە مەبەستیانە کە رووی دێمۆکراسی لەئێران خەوشەدار بکەن.

لەوبارەوە، مینا ئەحەدی وتەبێژی کۆمیتەی نێودەوڵەتی دژی ئێعدام لە پەرچە کردارێکدا بە قسەکانی لاریجانی وتبووی: حکوومەتی ئێسلامیی ئێران بۆ خۆی ماوەیەک لەمەوبەر چەند کەسی وەکوو زیندانی سیاسیی خستە بەر لێبوردن و ئازادی کردن و لەراگەیەنە فەرمییەکانی خۆیاندا وەکوو زیندانیانی سیاسیی ناویان لێبردن.

ئەحەدی بە هەواڵدەریی فەرانسەی وتبوو:\" ماوەیەک لەمەوبەریش حکوومەتی ئێران لە بەرنامەیدا بوو کە ٢٦‌چالاکی سیاسیی و مەزهەبی سوننە، لە کوردستان ئێعدام بکات کە دواتر ناڕەزایەتیی بەربڵاوی بنەماڵەکانیانی لێ‌کەوتەوە\".

چالاکانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی داکۆکیی لەمافی مرۆڤ لەمەڕ شێوازی دادگایی کردنەکان لەئێران نیگەرانیان دەربڕیوە و لەو باوەڕەدابوون بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لێکۆلینەوە لەتاوانباران ناکرێت و لەبوونی پارێزەریش بێبەریان دەکەن.

ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئەوەشیان خستۆتە روو، بەشێکی بەرچاو لەو کەسانەی کە ئێعدام کراون لە دادگا چەند خولەکییەکاندا حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.