دەوڵەت دەبێ دەستبەسەرکراونی کوردستان ئازاد بکات

18:51 - 27 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەر کرانی چالاکانی سیاسیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، لەگەڵ پەرچە کرداری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بەرەوڕوو بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتاییەکانی حەفتەی رابردوو، میدیاکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات هەواڵی دەستبەسەر کرانی چەند چالاکێکی سیاسییان بلاو کردەوە، کە بەپێی ئیدیعای ئەو ماڵپەڕە، کەسانی دەستبەسەرکراو ئەندامی \"کۆمەڵە\" بوون.

ماڵپەڕی بوڵتەن نیوز لەزاری یەکێک لە لێپرسراوانی ئەمنییەوە \"هەوڵی هاندەرانە\"ی بە هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو کەسانە لە قەڵەم داوە.

هەنووکە رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، \"نیگەرانیی قووڵی\" خۆی لەو مەسەلەیە دەربڕیوەو داوای لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کردووە، کە \"مافی یاسایی\" ئەو کەسانە دەستەبەر بکات.

لە درێژەی نامەکەدا، چۆنیەتیی دەستبەسەر کران و تۆمەت وەپاڵدانی دەستبەسەرکراوانی \"ناڕوون\" وەسف کردووە.

سەرەتای ئەم حەفتەیە، لێپرسراوانی کۆمەڵە لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکان، هەر جۆرە دەستبەسەرکرانی ئەندامەکانیان لە شارەکانی کوردستانی ئێراندا بە درۆ خستبوویەوەو بە پڕوپاگەندای ناوەندە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکان لە قەڵەمیان دابوو.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بەیاننامەیەدا، خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی سامان نەسیم، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە بووە.