دەوڵەتی\" تەدبیر و ئومید\" یارانەی دەیان هەزار کەسی بڕی

15:36 - 31 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: لەدەسپێکی ساڵی تازەوە، دەوڵەت یارانەی پێنج توێژی ناو کۆمەڵگەی ئێرانی بڕیوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێنج گرووپی جیاواز لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران کە بە \" پڕداهات و دەوڵەمەندەکان\" ناسراون لەوەرگرتنی یارانەی دەوڵەتیی بێبەری کراون.
هەواڵی بڕینی یارانەکان لەلایەن خودی هاووڵاتیانەوە بە \"همشهری‌آنلاین \" راگەیەندراوە.

پزیشک، خاوەنی ماشێنە بەنرخەکان، خاوەنی سەرافی، ئەندامانی هەئیەت مودیرەی بانکەکان. هەیئەت مودیرەی کۆمپانییەکان و هاووڵاتیانی دەرەوەی ئێران لەو توێژانەن کە لە وەرگرتنی یارانە بێبەری کراون.

ناوەندی ئامانجدارکردنی یارانەکان لەکاتی سەردانی ئەو پێنج تویژە بۆ وەرگرتنی یارانە پێی وتوون کە لەسەر بڕیاری دەوڵەت و بە پێی پڕۆژە یاسایەکی مەجلیس یارانەکانیان بڕدراوە.

مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوو حەسەن روحانی باسی لەوە کردبوو کە یارانەکان بە شێوەی کاتی بە هاووڵاتیان دەدرێت.

هاوسەری پزیشکێک باسی لەوە کردووە، ئەو هەوڵە کە بە بێ ئاگاداری پێشتری هاووڵاتیان و ئەو پێنج توێژە بەڕێوە چووە، نیشانەی بڕینی بە هێمنی و بێ دەنگیی یارانەی هاووڵاتیان بووە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە هەوڵی بڕینی یارانەکان درێژەی دەبێت.

بە پێی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٩٤، دەوڵەت ئەرکدارە کە یارانەی بنەماڵە دەوڵەمەندەکان ببڕێت و جارێکی دیکە بەپێی لێکدانەوەی خۆی سیستمی یارانەکان دابڕێژرێتەوە.

زیاتر لە ٧٣ ملیۆن کەس لە کۆی ٧٧ ملیۆن حەشیمەتی ئێران ناونووسی یارانەکانیان کردووە.