دەسپێكی خولی نوێی راهێنانی مامۆستایانی زمانی كوردی لە ئاڵمان

21:05 - 28 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: لە زانستگای \"بون\"‌ی ئاڵمان خوڵێكی نوێی فێركاری بۆ مامۆستایانی زمانی كوردی دەستی پێكرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، زانستگای \"بون\"‌ی ئاڵمان دەستی بە راهێنانی دووەمین خولی فێركاریی زمانی كوردی كردووە.

فەوزی دڵدار لێپرسراوی گرووپی زمانی كوردی لەو زانستگایە رایگەیاند، 22 كەس لەو خولەدا بەشدارییان كردووە و لەكۆی ئەو رێژەیە 5 كەسیان ژنن و زۆربەی بەشدار بووەكانیش هاووڵاتیی كوردی توركیەن.

ئامانج لەو بەشداری كردنە وەرگرتنی بڕوانامەی زمانی كوردییە لە وڵاتی ئاڵمان.

دەستەی كوردیی زانستگای \"بون\"‌ی ئاڵمان لە ساڵی 2010وە دەستیان بە چالاكی كردووە.

ئەو زانستگایە ساڵانە نزیك بە 27 هەزار خوێندكار وەردەگرێ‌ و كەسانێكی بەناوبانگی وەكوو \"كارل ماركس و فریدریش نیچە\" خوێندكارانی ئەو زانستگایە بوونە.